ئەمڕۆ یەکشەممە 22ـی تشرینی دووەمی 2026، ڕۆژنامەی (ڤانگارد)ـی نەیجیری لە زاری دەسەڵاتدارانی ناوخۆییەوە بڵاویکردەوە: بەلەمێک کە ژمارەیەکی زۆر سەرنشینی تێدابووە و بەرەو بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی پرسەیەک دەچوون، لە ویلایەتی بایلسی باشووری نەیجیریا نقووم بووە.
بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژنامەکە، بەلەمەکە لە نیوەی ڕێگادا تووشی کێشەیەکی میکانیکی بووە و نقووم بووە، هاوکات چەندین هۆکاری پەیوەست بە کەمتەرخەمی کارەساتەکەیان گەورەتر کردووە، لەوانەش خراپیی دۆخی بەلەمەکە کە بۆ بەکارهێنان نەشیاو بووە، سەرەڕای نەبوونی چاکەتی ڕزگارکردن بۆ سەرنشینەکان.
هەرچەندە دەسەڵاتدارانی نەیجیریا لە ئاماری سەرەتایی دوای ڕووداوەکەدا گیانلەدەستدانی چوار کەس و ڕزگارکردنی 24 کەسی دیکەیان ڕاگەیاندبوو، بەڵام تیمەکانی پۆلیسی دەریایی و مەلەوانان تا ئێوارەی ڕۆژی شەممە توانییان تەرمی 22 قوربانیی دیکە بدۆزنەوە و دەریانبهێننەوە، بەمەش کۆی گشتیی قوربانییەکان بۆ 26 کەس بەرز بووەوە.
ڕۆژنامەکە ئەوەشی خستووەتە ڕوو کە سەرجەم ڕزگاربووەکان بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکیی پێویست گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەکان، هاوکات بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممەش پرۆسەی گەڕان و پشکنین لە ناوچەکەدا بەردەوام بێت.







