ئاژانسی دەنگوباسی ناوەندیی کۆریای باکوور (KCNA) بڵاویکردەوە: وەزارەتی دەرەوەی کۆریای باکوور، سەرۆکی نووسینگەی دیپلۆماسیی سویسرای وەک کەسێکی نەخوازراو ناساندووە و داوای لێکردووە لە ماوەی 48 کاتژمێردا وڵاتەکە بەجێبهێڵێت.
ئاماژە بەوەش کراوە کە پاک هیۆن سو، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئەوروپا لە وەزارەتی دەرەوەی کۆریای باکوور، سیلڤان ئاستیێ، بەرپرسی نووسینگەکەی سویسرای بانگهێشت کردووە و یاداشتێکی فەرمیی پێداوە بۆ داخستنی نووسینگەکەیان، کە سەر بە باڵیۆزخانەی سویسرایە لە پەکین.
پیۆنگ یانگ ئەم بڕیارەی وەک وەڵامێک بۆ کردەوەیەکی دوژمنکارانەی ئاشکرا ناوبردووە، دوای ئەوەی دەسەڵاتدارانی سویسرا لە 4ی تشرینی دووەمدا، کەمپی نێودەوڵەتیی منداڵانی سۆنگدۆوۆنیان لە شاری وۆنسان خستە لیستی سزاکانەوە، بە تۆمەتی ئەوەی بەشدار بووە لە گواستنەوە و بەئایدیۆلۆژیاکردنی ئەو منداڵە ئۆکراینییانەی لە ناوچە داگیرکراوەکانەوە براونەتە ڕووسیا.
پێشتر کیم یۆ جۆنگ، خوشکی ڕێبەری کۆریای باکوور، هەڕەشەی داخستنی نووسینگەکەی سویسرای کردبوو. ئەم پەرەسەندنە لە کاتێکدایە کە تەنیا چەند هەفتەیەک لەمەوبەر، وەزیری دەرەوەی سویسرا بە مەبەستی تاوتوێکردنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان سەردانی پیۆنگ یانگی کردبوو.







