هونەرمەند مەلا حوسێن عەبدوڵڵازادە (1923 – 26/11/1988)
خۆشخوان و دەنگە شادیبەخشەکەی موکریان!
گۆرانیی فۆلکلۆریی کوردی بەشێکی بەنرخ و دێرینە لە فەرهەنگ و کەلەپووری نەتەوەییمان، گەنجینەیەکی پڕبەهای لێوڕێژە لە وشەی سادە و تێکستی ڕەسەن. سەرەڕای ئەو هەموو نەهامەتییە زۆرانەی بەسەر گەلی کورددا هاتووە، فەرهەنگ، کەلتوور و زمانی داگیرکەر هەرگیز نەیتوانیوە زەفەر بەو هونەرە ڕەسەنە ببات، بەڵکوو ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر گەشانەوەی بەخۆوە دیوە، ئەویش بە هەوڵ و تێکۆشانی دەنگبێژان، خۆشخوانان و بەیتبێژانی نەتەوەکەمان.
یەکێک لەو هونەرمەندانەی کە لە ناوچەیەکی دەوڵەمەند لە باری فۆلکلۆر و گۆرانیی میللییەوە هاتووە، ناوچەی (موکریان)، ماوەی (26) ساڵ بە دەنگە خۆش و شادیبەخشەکەی، هونەرێکی ڕەسەنی بە زمانێکی پاراو و سادەی خەڵکی دێهات و گوندنشینەکانی کوردستان بە شێوەی گۆرانیی میللی چڕیوە؛ بە هونەرە پڕچێژ و خەمڕەوێنەکەی، گوێگری کەمەندکێش کردووە و هەست و نەستی داگیر کردوون و تامەزرۆی بیستنی هونەرە کاریگەرەکەی بوون: «ئەگەر ئاواز و مۆسیقایەک کاری تێکردی، ئەوە بزانە ڕەسەنایەتیی لێ دەچۆڕێ، ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە مرۆڤ دەبێ بە خەزێنەی فۆلکلۆردا بزانێ» (1).
دەنگ و تێکستە فۆلکلۆرییەکانی ئاوێتەی ئامێرەکانی مۆسیقا (کەمانچە، باڵەبان و زەرب) کردووە؛ ئەو هونەرمەندە بەرزەی کە هۆگران و عاشقانی گۆرانی بە پەرۆشەوە شەیدای دیتن و بیستنی هونەرەکەی بوون، ئەویش هونەرمەند (مەلا حوسێن عەبدوڵڵازادە)یە.
حوسێن عەبدوڵڵازادە ئەحمەد، لەنێو دنیای هونەری مۆسیقا، گۆرانی و کۆڕی شایی و زەماوەنددا بە (مەلا حوسێن عەبدوڵڵازادە) ناوی دەرکردووە.
هونەرمەند مەلا حوسێن، لە ساڵی (1302)ی هەتاوی بەرامبەر بە (1923)ی زایینی، لە ئاوایی (کانی تۆمار)ی سەر بە شاری (بۆکان)، لە ئامێزی خانەوادەیەکی ئاییندار و مەلا لەدایکبووە.
باوکی هونەرمەند «مەلا» بووە، کە تەمەنی دەگاتە ئەو ئاستەی بخرێتە بەر خوێندن، باوکی دەینێرێتە «حوجرە» لە مزگەوت، تا وانەی ئایینی بخوێنێ و لە دواڕۆژدا ببێ بە مەلا، بەڵام ئەو هەست و هۆشی زیاتر بۆ لای حەز و ئارەزووی خۆی دەڕوات کە ئەویش گۆرانی و مۆسیقایە. هونەرمەند مەلا حوسێن هەر لە منداڵییەوە دەکەوێتە ژێر کاریگەریی بەیت و بەندی کوردی، لەبەر ئەوەی ئەو ناوچەیەی ئەوی تێدا ژیاوە لێوانلێو بووە لە هونەری ڕەسەنی گۆرانی، حەیران و بەستەی ناوازەی کوردی. لە لایەکی دیکەوە لەبەر ئەوەی کوڕە مەلا بووە و باوکی بەهۆی مەلایەتییەکەیەوە بە گوند و دێهاتەکانی ناوچەی موکریاندا گەڕاوە، ئەوەش کاریگەریی لەسەر هونەرمەند داناوە و لە هەر دەڤەرێک گۆرانی و بەستەی فۆلکلۆری فێربووە و کردوویەتییە توێشووی کارە هونەرییەکانی.
هونەرمەندی میللی ئیبراهیمی قادری بەو شێوەیە یادەوەرییە شیرینەکانی سەردەمی منداڵیی خۆی و هونەرمەند مەلا حوسێن دەگێڕێتەوە:
«هەر لە منداڵیمانەوە ئارەزوومان لە کەیف و بەزمی هونەری کردووە و هەمیشە بە دەوری کاری هونەرییەوە ئاڵابووین، زۆرجاران پێکەوە لە ئاهەنگی شەوانەی ماڵاندا تا درەنگانی شەو پێکەوە گۆرانیمان گوتووە و دڵی میوان و ئامادەبووانمان خۆش کردووە» (2).
هونەرمەند مەلا حوسێن لە تەمەنی (30) ساڵیدا، ساڵی (1953) ژیانی هاوسەری پێکدەهێنێت. لە هەمان ساڵدا شوێنی نیشتەجێبوونی دەگۆڕێت و دەگوازێتەوە بۆ گوندی (ئیندرقاش) کە (15) کیلۆمەتر لە شاری مەهابادەوە دوورە. گوندی ئیندرقاش سەر بە شاروێرانی مەهابادە، هەرچەندە گوندێکی بچووکە بەڵام تایبەتمەندییەکی سەریری هەیە، ئەویش ئەوەیە زۆر دەنگبێژی بەتوانا، دەنگخۆش و ژەنیاری چاکی تێدا هەڵکەوتووە، یەکێک لەو دەنگخۆشانە وەک (حاجی حەمەدەڕەش) بووە لە ناوچەی موکریان لە سەردەمی هونەرمەندی گەورە (سەید عەلی ئەسغەری کوردستانی)؛ کاک سەعیدی ماملێ و حاجی حەمەدەڕەش لە موکریان و هونەرمەند سەید عەلی ئەسغەری کوردستانی لە ئەردەڵان بوون. هونەرمەند مەلا حوسێن لە یەکێک لە گۆرانییەکانیدا ناوی ئیندرقاش دێنێ و دەڵێ:
«ڕێحانەی دەم ئاشیە، جەژنەیە و چەن خۆشیە
یاڕەبی بەخێرێتەوە، مەنیج ئیندرقاشیە» (3).
کاتێک هونەرمەند مەلا حوسێن لە گوندی ئیندرقاش نیشتەجێ دەبێت و زیاتر بە هونەری ناوچەکە ئاشنا دەبێت، هەر لە تەمەنی منداڵییەوە دەستبەرداری فەقێیەتی بووە و بەدوای کەیف و سەفا و هونەری گۆرانیدا کەوتووە، لە خۆڕادیوە کە دەنگی خۆشە و دەتوانێ بە دەنگە خۆشەکەی دڵی دەوروبەر و گوێگران خۆش بکات؛ لێرەوە دەبێتە دەستپێکی کاری هونەریی هونەرمەند مەلا حوسێن، واتە ساڵی (1953).
لە ڕێی هونەرەکەیەوە تێکەڵاو بە دیوەخانی ماڵە ئاغاکان، دەوڵەمەندەکان و هەوادارانی کەیف و سەفا دەبێت و گۆرانی دەخوێنێ.
هونەرمەند مەلا حوسێن لە کاتی ئاخاوتن و دەمودوودا زمانی باش گۆیی نەکردووە، واتە زمانی گرتوویەتی و بە زەحمەت وشەکانی لە زار هاتوونەتە دەر، بەڵام خۆشبەختانە ئەم هونەرمەندە شارەزا و لێهاتووە لە چڕینی بەستەی شادیدا، لە کاتی گۆرانی خوێندندا هیچ گرفتێکی نەبووە و زۆر بە باشی و ڕەوانی وشەکانی گەیاندووەتە گوێی بیسەر و گوێگر، ئەوەش بەهرەیەکە کە پەروەردگار پێی بەخشیوە:
«مەلاحوسێن لە گوتنەوەی گۆرانییە گشتەکاندا زۆر شارەزا بووە، ئەو کە لە قسەکردندا زمانی دەگیرا و وشەکانی جوان بۆ نەدەهاتە سەر زمان بەڵام لە کاتی چڕینی گۆرانیدا هیچ گرفتێکی نەبوو، ئەوە بەو مانایەش نییە کە لە گوتنەوەی گۆرانییەکانی تردا شارەزا نەبووبێ، بەڵکوو لە هەرچەشنە جۆری گۆرانی گوتندا مامۆستا بوو، خەزێنەیەک بوو لە وشە و هەڵبەستی کوردی» (4).
هونەرمەند لەنێو خەڵکیدا دەناسرێت، کەسێکی دەنگخۆش، خاوەن کەسایەتییەکی سەنگین، قسەخۆش، دەم بەخەندە، متمانەپێکراو و خۆشەویستی گشت خەڵک بووە، و پەیوەندیی زۆری لەگەڵ خەڵکدا پەیدا کردووە. لەبەر ئەوەی گوندی ئیندرقاش نزیکی شاری مەهاباد بووە، هونەرمەند دەچێتە شاری مەهاباد و لەو شارەدا بە خزمەتی هونەرمەندان (حەسەنی ماملێ، محەمەدی ماملێ و ئیبراهیمی قادری) دەگات و پێوەندیی برایانە، هاوڕێیانە و هونەرییانەی لەگەڵ ئەو هونەرمەندانەدا پەیدا دەکات تا دواساتەکانی ژیانی.
لەگەڵ هونەرمەندان (حەسەنی ماملێ، محەمەدی ماملێ، حەسەن زیرەک و ئیبراهیمی قادری) دوای ئاشنابوون بە یەک و کاتێک ئەوانیش دەزانن کە مەلا حوسێن هونەرمەندێکی دەنگخۆشە، خاوەنی دەنگێکی بەرزە و شارەزایی زۆری هەیە لە بواری فۆلکلۆردا، پێکەوە کاری هونەری ئەنجام دەدەن.
هونەرمەند مەلا حوسێن بە یەکێک لە هونەرمەندە شایی و زەماوەندگێڕەکانی کوردەواری ناسراوە، لە گۆرانییەکانیدا جوانترین بەندە فۆلکلۆرییەکانی خوێندووە. هونەرمەند میوانێکی بەئەمەکی سەر سفڕە و خوانی فۆلکلۆرە دەوڵەمەندەکەی ناوچەکەی خۆی بووە، هەرچی لە کۆڕی بەزم و شایی و زەماوەنددا بە زاریدا هاتبێت نەیوتووەتەوە؛ هونەرە بەرز و دەوڵەمەندەکەی بووەتە قوتابخانەیەک لە وشەی پاراو بۆ هونەرمەندان و دەنگبێژانی دوای خۆی، واتە هونەرمەند مەلا حوسێن عەبدوڵڵازادە بە پێشەنگی هونەرمەندانی میللی دەژمێردرێت.
کەسایەتییەک بووە هەمیشە بە حورمەتەوە لە هونەرەکەی خۆی ڕوانیوە و بووەتە خۆشەویستی هونەرمەندان بەگشتی و بەتایبەت گەورە هونەرمەند (محەمەدی ماملێ)؛ لە مەجلیس و دیوەخانەکاندا هونەرمەند محەمەدی ماملێ هەمیشە بە شانازییەوە ناوی بردووە.
لە ساڵی (1962) کاتێک ڕادیۆی کوردیی کرماشان دادەمەزرێت، هونەرمەند چەند جارێک لە لایەن بەڕێوەبەرانی ڕادیۆی کرماشانەوە بانگهێشت دەکرێت و چەند بەرهەمێک تۆمار دەکات.
دوای زیاتر دەرکەوتنی و بڵاوبوونەوەی بەرهەمەکانی لە ڕێی ئاهەنگ و ڕادیۆوە، هونەرمەند مەلا حوسێن بەشداریی تەواوی فێستیڤاڵی شارەکانی ئێران وەک: (شیراز، شەهاباد و کرماشان) لەتەک هونەرمەندانی گەورە (محەمەدی ماملێ، قالە مەڕە، عەزیز شارۆخ، ڕەسوڵی نادری) دەکات.
لە ساڵی (1963) هونەرمەند مەلا حوسێن بە یاوەریی هونەرمەندان (حەسەن زیرەک، محەمەدی ماملێ و هاشمی فیدایی) لە ڕادیۆی تاران بە هاوکاریی ئۆرکێسترای ئازەری گۆرانی تۆمار دەکات.
هەر کاتێک چووبێتە هەر کۆڕ و شایی و زەماوەندێکەوە، بە عەشقێکی بێوێنەوە بە دەنگە خۆش و بەیت و بەندە جوان و سەنگینەکانی، زەماوەندەکەی پڕجۆش و خرۆشتر کردووە. هونەرمەندێکی بەئاگا بووە لە کاتی چڕینی گۆرانیدا و هەروەها لە دەوروبەرەکەی؛ زۆر حەزی بە دڵگەرمیی کیژ و کوڕانی شاییگێڕ کردووە کە بە جوانی ڕیزی ڕەش بەڵەک ڕێکبخەن، ئەگەر چۆپیکێش لە ڕیتمی شێوازی هەڵپەڕکێ لایبدایە و بشێواندایە، هونەرمەند زۆر وەستایانە و لێزانانە بە بەند هۆشیاری دەکردەوە. گوایە زۆرجاران هونەرمەند مەلا حوسێن چۆپیکێشی تایبەت بە خۆی بردووەتە سەر داوەت و زەماوەندەکان. لەو سەردەمەدا لە ناوچەی موکریان زۆر گرنگی بە شێوازەکانی هەڵپەڕکێ (سێپێیی، ڕۆینە، چەپڵەپایی و گەڕانەوە) دراوە، و هونەرمەند مەلا حوسێن بەم کارەی مەبەستی بووە گەنجەکان ئەو هونەرە ڕەسەنەی میللەتەکەیان فەرامۆش نەکەن و بە بایەخەوە لەو هونەرە بڕوانن. هونەرمەند بەو شێوە مامەڵەکردنە لەگەڵ هونەرەکەی، زیاتر سەرنج و هۆشی خەڵکی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە و خەڵک بە تامەزرۆیی و بە عەشقێکەوە بەشدار بوون لە ئاهەنگەکانی هونەرمەند مەلا حوسێندا.
لە ساڵی (1971) کە ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی مەهاباد دادەمەزرێت، مەلا حوسێن لەگەڵ هونەرمەندانی هاوڕێی و هونەرمەندانی ناوچەکە دەبنە هەوێنی زیاتر سەرکەوتنی ئەو ڕادیۆیە، و بە کار و چالاکییە هونەرییەکانیان گڕوتینێکی بەرزی هونەری دەبەخشنە گوێگران و بیسەرانی ڕادیۆی مەهاباد. مەلا حوسێن چەندین بەرهەم لەو ڕادیۆیە تۆمار دەکات و ئەو گۆرانییانە دەبنە مایەی خۆشی، شادی و خەمڕەوێنیی خەڵکی کورد.
کار و تێکۆشانی هونەریی مەلا حوسێن لەگەڵ هونەرمەندان (محەمەدی ماملێ و ئیبراهیمی قادری) بەردەوام دەبێت، لەو ئاهەنگانەدا بەردەوام ئاوازی نوێی چڕیوە، چونکە لێزان، لێهاتوو و شارەزا بووە لە هونەرەکەیدا و هەموو کات خۆشی، شادی و چێژی بەخشیوە.
لە ساڵی (1979) بەبۆنەی (شەوی یەڵدا)وە، ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی مەهاباد بەرنامەیەکی قەشەنگ و لێوانلێو لە دەنگی ڕەسەن و پڕچێژی کوردەواری پێشکەش بە بیسەران و گوێگرە خۆشەویستەکانی دەکات. لەو بەرنامەیەدا هونەرمەندی دەنگخۆش و شانۆکار (سەید ڕەحیمی قوڕەیشی) پێشکەشکاری ئەو بەرنامە ڕەنگینە بووە؛ هونەرمەندانی وەک: (محەمەدی ماملێ، مەلا حوسێن عەبدوڵڵازادە، عەزیز شارۆخ) بە دەنگە خۆش و پاراوە کوردییەکەیان گۆرانی پێشکەش دەکەن، بە هاوکاریی هونەرمەندانی ژەنیار:
ڕەشیدخانی فەیزینەژاد (لەو سەردەمەدا سەرۆکی بەشی مۆسیقای ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی مەهاباد بووە – ئامێری ڤیۆلۆن)
محەمەد دانش (ئامێری عود)
بەهمەنی مەتڵوب (ئامێری تار)
فارووقی مەتین (ئامێری سەنتوور)
حوسێنی ڕەهبەر (ئامێری زەرب)
هەروەها بە ئامادەبوونی هونەرمەندی شانۆکار، قسەخۆش و خۆشمەشرەب (بیوک خانباغی).
دیارترین لە گۆرانییەکانی هونەرمەند مەلا حوسێن عەبدوڵڵازادە کە بە تەنیا و لەگەڵ هونەرمەندان خوێندوویەتی، کە هەر یەکەیان گەوهەرێکن و لە خانەی ئەرشیفی مۆسیقا و گۆرانیی میللیدا پێگەیەکی بەرزی هونەرییان هەیە؛ کۆی گۆرانییەکانی بە (103) لە (11) کاسێتدا ئەژمار کراوە. گۆرانییەکانی هونەرمەند:
(کوڵەنجەکەی مۆرە؛ گریانم دێ – لەگەڵ هونەرمەند محەمەدی ماملێ؛ کۆڵوانەسوور؛ دەنکە دەنکەی باران؛ گیان و گیانەکەم؛ خرینگە؛ هەستە با بڕۆین بۆ داوەتێ؛ جەلسە؛ لانکۆڵەکەی؛ هەی خەجیلە و خانم؛ جوانە جوانە؛ سەردەمەکەی خارایە؛ زاوا لە بووکێ مەدە؛ دە وەرە وەرە ڕووبەخاڵ؛ ئۆخەی چت کرد گوڵەکەم؛ خەمخۆری نازەنینم؛ یارەکەم مەلازادەیە؛ کەتانە؛ جوانی جوانی؛ ئەی دکتۆر؛ ئەسمەران دولبەران؛ نازنازدارە؛ ئاخ مەلەک بۆ وا دەکەیت – لەگەڵ هونەرمەند ئیبراهیمی قادری؛ دەڕژێ دەڕژێ؛ سێوە لاسوورە؛ و دەسماڵێ – لەگەڵ هونەرمەند محەمەدی ماملێ).
هونەرمەند مەلا حوسێن جیا لەوەی هونەرمەندێکی دەنگخۆش، لێزان و بلیمەت بووە لە خوێندنی گۆرانیدا، گوایە شارەزایی لە ژەنینی ئامێری مۆسیقاشدا هەبووە. لەو بارەیەوە هونەرمەند و مامۆستا وریا ئەحمەد نووسیویەتی:
«هونەرمەند مەلا حوسێن دەستی ژەنینی ئامێری (شمشاڵ)ی هەبووە، گەلێ جار پێشبڕکێی شمشاڵژەنینی لەگەڵ شمشاڵژەنی بەنێوبانگی کوردستان (قالەمەڕە)دا کردووە، هەروەها لە ئامێری (دەف)ی دەروێشیدا وەستا بووە؛ ئەم دەفژەنینەشی لە خزمەت (شێخ عوسمانی بیارە)دا فێربووە و هەر لەگەڵ ئەویشدا دوو جار بۆ (حەج) چووە» (5).
لە دوای سەرکەوتنی ڕاپەڕینی گەلانی ئێران لە ساڵی (1979)، هونەرمەند مەلا حوسێن عەبدوڵڵازادە لە کۆتایی ئەو ساڵەدا بە خۆی و خانەوادەکەیەوە شاری مەهاباد بەجێدەهێڵێت و ڕوو دەکاتە شاری (تاران) و لەوێ نیشتەجێ دەبێت. لەو کاتەوە ئەم بولبولە خۆشخوانە، خاوەن ئەو هونەرە خۆڕسکە بێخەوشە، لە کۆڕ و بەزمی هونەری دوور دەکەوێتەوە و لە شاری تاران درێژە بە ژیانی تایبەتیی خۆی دەدات.
بەداخەوە دوای (9) ساڵ ژیان لە دووریی نیشتمان و زێدەکەی، لە ڕۆژی شەممە لە ڕێکەوتی (26/11/1988) لە تەمەنی (65) ساڵیدا بەهۆی جەڵتەی دڵ، ژیانئاوایی لە هونەر، شاری مەهاباد، دۆستان و ئازیزانی دەکات. تەرمی ئەو هونەرمەندە کۆڕ و شایی و زەماوەندگێڕە دەگەڕێننەوە شارە جوانەکەی مەهاباد و لە گۆڕستانی شاری مەهاباد بە خاکی پیرۆزی کوردستانی دەسپێرن.
لە ماوەی (26) ساڵی تێکۆشانی هونەریدا، هونەرمەند مەلا حوسێن عەبدوڵڵازادە کۆمەڵێک گۆرانیی شاد و ناوازەی بۆ بەجێهێشتووین و بە هونەر و دەنگەکەی هەمیشە لە کۆڕی شادیدا ئارامی و بەختەوەریمان پێ دەبەخشێت. دروود و سڵاو بۆ گیانی پاکی، و سڵاو لە مێژووی هونەریی هونەرمەند مەلا حوسێن؛ یاد و یادەوەرییە هونەرییەکانی هەموو کات بەرز و بەڕێز بێت.
جەمال عومەر (جەمالی دەلاک) – سلێمانی
سەرچاوەکان:
1. پەڕتووکی «خەزێنەی هەرمان: توێژینەوەی گۆرانی فۆلکلۆر»، چاپی دووەم، نووسەر: سەلاح نیساری، لاپەڕە (11).
2. «مەلا حوسێنی عەبدوڵڵازادە؛ بولبولێک لە ڕۆژهەڵاتەوە»، خەلیل عەلی، سایتی هەولێر، (11/4/2021).
3. پەیوەندی لە ڕێی تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووکەوە لەگەڵ بەڕێز کاک (هیدایەت جان)، خەڵکی گوندی (قومقەڵا)ی نزیک ئیندرقاش، لە ڕێکەوتی 13/4/2022.
4. پەیوەندی لە ڕێی تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووکەوە لەگەڵ بەڕێز کاک (وریای ماملێ)، لە ڕێکەوتی 12/4/2022.
5. پەڕتووکی «کەشکۆڵی نووسینەکانم»، وریا ئەحمەد، لاپەڕە (511).
سوپاس و ستایشی بێپایانم بۆ برایانی هێژا: (وریای ماملێ، هونەرمەند ئەرەستۆ سوهرابی لە شاری بۆکان، هیدایەت جان) دوای پێوەندی پێوەکردنیان، زۆر بە لوتفەوە بە زانیارییەکانیان لەسەر هونەرمەند مەلا حوسێن عەبدوڵڵازادە هاوکارییان کردم (ج،د).







