ئەمڕۆ چوارشەممە 25ـی تشرینی دووەمی 2026، ڕۆژنامەی فاینەنشیاڵ تایمز لە ڕاپۆرتێکدا لە زاری دوو بەرپرسی بەشدار لە گفتوگۆکانەوە ئاشکرایکرد، یەکێتیی ئەوروپا پلانی هەیە تا 50 ملیار یۆرۆ (نزیکەی 54 ملیار و 840 ملیۆن دۆلار) لە سندوقێکی نوێی تەکنەلۆژیادا وەبەرهێنان بکات، بە ئامانجی کەمکردنەوەی پشتبەستن بە تەکنەلۆژیای ئەمەریکا و چین.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، ناوی پرۆژە پێشنیازکراوەکە "سندوقی سەرمایەی تەکنەلۆژیای سەربەخۆ"ـیە و بەشێکی گەورەی وەبەرهێنانەکانی بۆ کۆمپانیاکانی بواری ژیریی دەستکرد و کۆمپیوتەری کوانتۆمی تەرخان دەکرێت.
ئامانج لەم پرۆژەیە دابینکردنی پارەی پێویستە بۆ کۆمپانیا تەکنەلۆژییە ئەوروپییەکان، تا بتوانن کارەکانیان فراوان بکەن و لەگەڵ کۆمپانیا ئەمەریکی و چینییەکاندا ڕکابەری بکەن.
ئەم سندوقە نوێیە بە بەراورد بە بەرنامەکانی ئێستای یەکێتیی ئەوروپا، وەبەرهێنانێکی گەورەتر و مەترسیدارتر دەکات و بۆ ماوەیەکی درێژتر پارە دابین دەکات، کە لە ڕێگەیەوە یەکێتیی ئەوروپا دەیەوێت توانای تەکنەلۆژیی خۆی بەهێز بکات و وابەستەیی بە کۆمپانیا بیانییەکان کەم بکاتەوە.







