بەگوێرەی ڕاپۆرتە میدیاییەکان، شاندەکان پێکدێن لە وەزیرانی دەرەوە و بەرگری و فەرماندە و بەرپرسانی باڵای سەربازیی هەر سێ وڵات. لە کۆبوونەوەی لێژنەی سیاسی و بەرگریی ستراتیژی کە لە (ڕێککەوتننامەی مەککە بۆ بەرگریی هاوبەش) سەرچاوەی گرتووە، تاوتوێی ئاستی پێشکەوتنەکان لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە و میکانیزمەکانی برەودان بە هاوکارییە سەربازییەکان دەکەن.
لەم بارەیەوە، خواجە ئاسف وەزیری بەرگریی پاکستان ڕایگەیاند کە گرژی و ململانێکانی نێوان سعودیە و بزووتنەوەی ئەنساروڵڵای حووسییەکان لە کارنامەی سەرەکیی کۆبوونەوەکانیاندا دەبێت، هاوکات جەختی کردەوە: بەپێی ڕێککەوتننامە هاوبەشەکەمان، هەر هەڕەشەیەک کە ڕووبەڕووی شانشینی عەرەبستانی سعودی ببێتەوە، وەک هەڕەشە بۆ سەر پاکستان و تورکیاش هەژمار دەکرێت.
پێشتریش لە 5ی تشرینی یەکەمی ڕابردوودا، هەر سێ وڵات لە شاری ڕیازی پایتەختی عەرەبستانی سعودی کۆبوونەوەیەکی هاوبەشیان ئەنجام دابوو، کە تێیدا تاوتوێی هەڕەشە ئەمنییە ئیقلیمییەکان و هێرشە درۆنی و مووشەکییەکانی حووسییەکان بۆ سەر خاکی سعودیەکرا.







