ئەمڕۆ هەینی 27ـی تشرینی دووەمی 2026، بەلەمێکی کۆچبەران لە جۆری (کایۆکۆ) کە لە شاری بانجولی پایتەختی گامبیاوە بەڕێکەوتبوو و 84 کەسی هەڵگرتبوو، گەیشتە بەندەری لا ڕێستینگا لە دوورگەی ئێل هیرۆی سەر بە دوورگەکانی کەناری لە ئیسپانیا.
پەڕینەوەکە لە ڕێگەی زەریای ئەتڵەسییەوە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە 10 کەس و ناجێگیربوونی باری تەندروستیی شەش کۆچبەری دیکە، کە بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکیی بەپەلە گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە.
ئەم ڕووداوە لە کاتێکدایە کە دوورگەی ئێل هیرۆ یەکێک لە چڕترین مانگەکانی مێژووی خۆی لە ڕووی هاتنی کۆچبەرانەوە بەڕێدەکات و تەنیا لە مانگی تشرینی دووەمدا زیاتر لە 15 هەزار کۆچبەر گەیشتوونەتە دوورگەکە، ئەمەش ژمارەی دانیشتووانی دوورگەکەی تێپەڕاندووە کە نزیکەی 12 هەزار کەسە.
ئەم لێشاوە نوێیەی کۆچبەران دوای تۆمارکردنی ژمارەیەکی پێوانەیی مێژوویی دێت لە ڕۆژی 24ـی تشرینی دووەمدا، کاتێک تەنیا لە یەک ڕۆژدا هەزار و 971 کۆچبەر لە ڕێگەی 14 بەلەمەوە گەیشتنە دوورگەکە، بەمەش کۆی گشتیی ئەو کۆچبەرانەی لە سەرەتای ئەمساڵەوە لە ڕێگەی دەریاوە گەیشتوونەتە دوورگەکانی کەناری، نزیک بووەتەوە لە 29 هەزار کەس.







