کۆمپانیای "بی ئەی ئی سیستەمز هاگلوندز"ـی سویدی ئاشکرایکردووە، پێنج وڵات گرێبەستیان بۆ کڕینی نزیکەی 400 زرێپۆشی جەنگی لە جۆری (CV90) واژۆ کردووە، بە بەهای زیاتر لە 61 ملیار کرۆن کە نزیکەی 53 ملیار کرۆنی تایبەتە بە هەناردەکردن.
کۆمپانیاکە ئاماژەی بەوەش داوە، سوید داوای کڕینی 60 زرێپۆشی نوێی کردووە، لە کاتێکدا هەریەکە لە نەرویج، فینلاند، هۆڵەندا و لیتوانیا داوای لانیکەم 340 زرێپۆشیان کردووە، ڕوونیشی کردووەتەوە کە بەهای هەناردەکردن لە چوارچێوەی ئەم گرێبەستەدا بەهای گرێبەستەکانی پێشووی سویدی بۆ فرۆشتنی ژێردەریایی و فڕۆکەی جەنگیی جۆری "گریپن" تێپەڕاندووە.
لای خۆیەوە، پۆڵ یۆنسۆن، وەزیری بەرگریی سوید ڕایگەیاند، ئەم پرۆسەی کڕینە هاوبەشە تواناکانی هاوپەیمانیی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) بەهێز دەکات و ڕێگە بە پێنج وڵاتەکە دەدات هاوکارییەکی نزیکتریان هەبێت لە بەکارهێنانی ئەم سیستەمە سەربازییەدا.
وەزیری بەرگریی سوید گوتیشی، لە ئێستادا خواست لەسەر ئەم چەکانە زیاترە لە خستنەڕوو، پرۆسەکانی کڕینی هاوبەش پەیامێک بۆ کۆمپانیاکانی پیشەسازیی بەرگری دەنێرن سەبارەت بە پێویستیی زیادکردنی توانای بەرهەمهێنانیان.
ئەم زرێپۆشانە لە شاری ئۆرنشۆڵدسڤیکی سوید دروست دەکرێن و ئەو وەشانەی لە گرێبەستەکەدا هاتووە ناوی "نۆردیک ئیدیشن"ـە، کە جێگەی گواستنەوەی تا حەوت سەربازی پیادەی تێدا دەبێتەوە و بە تۆپێکی ئۆتۆماتیکی عەیار 35 ملم، ڕەشاش و مووشەکی دژە زرێپۆش تەیار کراوە.







