ئەمڕۆ شەممە 28ـی تشرینی دووەمی 2026، دەستەی دەستپاکیی فیدراڵیی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد: توانیویانە لە ڕێگەی بەدواداچوونی ڕاستەوخۆی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، بەڕێوەبەری گشتیی پێشووی کۆمپانیای گشتیی بەندەرەکانی عێراق لە دەسەڵاتدارانی کۆماری میسری عەرەبی وەربگرنەوە، ئەویش بەهۆی چەند تۆمەتێک کە پەیوەندییان بە هەڵاوسانی سامان و دەستکەوتی ناڕەوا و چەند دۆسیەیەکی دیکەوە هەیە.
دەستەکە ئاماژەی بەوەش داوە: هەوڵە بەردەوامەکانی فەرمانگەی گەڕاندنەوە لە دەستەی دەستپاکی، بە هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ سەرۆکایەتیی داواکاری گشتی، دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی عەرەبی و نێودەوڵەتی و باڵیۆزخانەی کۆماری عێراق لە قاهیرە، بوونە هۆی گەڕاندنەوەی تۆمەتباری هەڵاتوو (فەرحان فەرتووسی)، بەڕێوەبەری گشتیی پێشووی کۆمپانیای گشتیی بەندەرەکانی عێراق، ڕوونیشی کردووەتەوە کە بە دەستبەسەری لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغداوە گەیەندراوەتەوە وڵات وەک ئامادەکارییەک بۆ دادگاییکردنی.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، ئەو تۆمەتەی ئاراستەی تۆمەتبارەکە کراوە دەگەڕێتەوە بۆ قۆستنەوەی پۆستەکەی لە ماوەی کارکردنی وەک بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای گشتیی بەندەرەکانی عێراق کە یەکێکە لە پێکهاتەکانی وەزارەتی گواستنەوە.
دەستەی دەستپاکی ئەوەشی خستووەتە ڕوو، دادوەری دادگای تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیی ناوەندی، دوای وردبوونەوە لە بەڵگە و سەلماندنەکانی دۆسیەکە، لە پێش هەموویانەوە ڕاپۆرتی نووسینگەی بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و پارەدارکردنی تیرۆر و ڕاپۆرتی فەرمانگەی خۆپارێزی لە دەستەی دەستپاکیی فیدراڵی، بەڵگەکانی بە تەواو و بڕواپێکەر زانیوە بۆ ئاراستەکردنی تۆمەتەکە بەپێی حوکمەکانی ماددەی (19/دووەم) لە یاسای دەستەی دەستپاکی و دەستکەوتی ناڕەوا ژمارە (30ـی ساڵی 2011)ـی هەموارکراو، هەر بۆیە فەرمانی دەستگیرکردن و پشکنینی بۆ دەرکردووە.







