ئەمڕۆ شەممە 28ـی تشرینی دووەمی 2026، ڕەزا ئەمیری موقەدەم، باڵیۆزی ئێران لە پاکستان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی "سی ئێن ئێن عەرەبی" ئاشکرایکرد: ئاڵوگۆڕی پەیامە ناڕاستەوخۆکان لە نێوان تاران و واشنتن لە ڕێگەی نێوەندگیریی قەتەر و پاکستانەوە بەردەوامە، بەڵام بە بەراورد بە گەڕەکانی پێشووی گفتوگۆکان بە ڕیتمێکی هێواشتر بەڕێوەدەچێت.
ڕەزا ئەمیری موقەدەم ڕوونیکردەوە، قەتەر و پاکستان بیرۆکە و پێشنیاز دەخەنەڕوو کە بە بەشداریی عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ئاڵوگۆڕ و گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت، ئاماژەی بەوەش دا کە "یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی ئیسلام ئاباد" کە لە مانگی حوزەیرانی ڕابردوودا واژۆ کراوە، هێشتا چوارچێوەی سەرەکیی گفتوگۆکان پێکدەهێنێت لەگەڵ لایەنی ئەمەریکی.
باڵیۆزی ئێران جەختی لە ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ دانوستان کردەوە، بەڵام ململانێی لەگەڵ ئەمەریکا و ئیسرائیل بە "جەنگی بوون" وەسف کرد و هۆشداریی دا لەوەی کە ئێران خۆی بۆ وەڵامدانەوەی یەکلاکەرەوە ئامادە کردووە و خاوەنی "سوپرایزی نوێیە" لە ئەگەری دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییە بەرفراوانەکان دژی وڵاتەکەی.
لە کۆتایی قسەکانیشیدا، ڕەزا ئەمیری موقەدەم پابەندبوونی ئێستای وڵاتەکەی بە پەیماننامەی قەدەغەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی دووپات کردەوە و ڕایگەیاند، هیچ بڕیارێک بۆ کشانەوە لێی نەدراوە، بەڵام ئاماژەی بە بوونی فشارێکی جەماوەریی ڕوو لە زیادبوون کرد بۆ کشانەوە، بەو بیانووەی کە پەیماننامەکە کۆتوبەندی سەپاندووە بێ ئەوەی سوودی بۆ ئێران هەبێت.







