سەرۆکی ئەمەریکا لە وتارێکی هەڵبژاردندا لە ویلایەتی ئایۆوا ڕایگەیاند، شەڕی دژ بە ئێران زۆر بە زوویی کۆتایی دێت و کەس لە تاران نەماوە دانوستانی لەگەڵدا بکرێت، هاوکات پێشبینیی دابەزینی زیاتری نرخی نەوتی کرد پاش کۆتاییهاتنی جەنگ.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە میانی وتارێکدا لە گردبوونەوەیەکی هەڵبژاردندا لە ویلایەتی "ئایۆوا" ڕایگەیاند: جەنگی دژ بە ئێران بەم زووانە بە شێوازێک لە شێوازەکان کۆتایی دێت. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، زۆر گرنگی بە شێوازی کۆتاییهاتنی شەڕەکە نادات، بەڵام جەختی کردەوە کە بە دڵنیایییەوە زۆر بە زوویی تەواو دەبێت.
سەرۆکی ئەمەریکا گوتی: "لە سایەی ئەو گورزانەی بەر ئاستەکانی سەرکردایەتیی ئێران کەوتوون، چیتر کەس لە تاران نەماوە دانوستانی لەگەڵدا بکرێت".
سەبارەت بە بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی و لێکەوتەکانی لەسەر هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی کۆنگرێس، دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند: "ئەو بڕە نەوتەی لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا بە گەرووی هورمزدا تێپەڕیوە، لە هەموو ئاستەکانی پێشوو زیاتر بووە، تەنانەت لە سەردەمی پێش دەستپێکردنی شەڕەکەش".
سەرۆکی ئەمەریکا پێشبینیی کرد کە دەستبەجێ لە دوای کۆتاییهاتنی شەڕ لەگەڵ ئێراندا، نرخی نەوت زیاتر داببەزێت، ئەوەش لە کاتێکدایە کە هێشتا نیگەرانی لەبارەی ئاسایشی دابینکردنی وزەی جیهانی و هاتوچۆی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز، وەک یەکێک لە گرنگترین ڕێڕەوە ئاوییەکانی گواستنەوەی نەوت لە جیهاندا، بەردەوامیی هەیە.
ئەم لێدوانانەی دۆناڵد ترەمپ هاوکاتە لەگەڵ پەرەسەندنی نیگەرانییە نێودەوڵەتییەکان لە ئەگەری دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێی پێکدادانەکان و ئامادەکارییەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل بۆ هێرشی چڕ بۆ سەر ئێران.







