بە مەبەستی بەهێزکردنی ژێرخانە ئابوورییەکان و گەشەپێدانی بەشی پیشەسازی لە سنووری پارێزگای هەولێر، بە سەرپەرشتی ئەومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لەگەڵ ۳۸ پڕۆژەیەکی نوێی پیشەسازی ڕەزامەندی لەسەر درا.
ڕۆژی یەکشەممە، ۲۵ ئۆکتۆبەر ۲۰۲۶، کۆبوونەوەی لیژنەی گەشەپێدان و پشتگیری لە پڕۆژە پیشەسازییەکان بە بەشداری هێمن قادر، جێگری پارێزگار و ئەندامانی لیژنە بەڕێوەچوو. لەم کۆبوونەوەیەدا، دۆخی پڕۆژەکان، جۆری خزمەتگوزاری و بەرهەمەکانیان و ئاستی جێبەجێکردنی ئەرکەکان گفتوگۆ و هەڵسەنگاندن کران.
پارێزگاری هەولێر لەگەڵ سوپاسگوزاری بۆ کار و هەنگاوەکانی لیژنە، جەختی کردەوە لەسەر پێویستی لابردنی بەربەستەکانی بەردەم پڕۆژە پیشەسازییە گەورە و مامناوەندەکان و وەبەرهێنان، بە شێوەیەک کە لەگەڵ یاسا و ڕێنماییەکاندا گونجاو بێت.
لە هەمان چوارچێوەدا، بۆ فراوانکردنی چاڵاکییە پیشەسازییەکان و پشتگیری لە ئابووری هەرێمی کوردستان، بە دەنگی یەکگرتوو لەگەڵ ۳۸ پڕۆژەیەکی پیشەسازیی جۆراوجۆر ڕەزامەندی لەسەر درا. لە کۆتایی کۆبوونەوەکەشدا چەند بڕیارێکی تایبەت بۆ ئاسانکردن و پێشخستنی قۆناغە ئیدارییەکانی ئەم پڕۆژانە پەسەند کران.







