سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە سفیری فینلەندا لە عێراق کرد و لەو دیدارەدا گفتوگۆیان لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان، پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە کرد.
پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە ۱۳ ئۆکتۆبەر ۲۰۲۶، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە «ئانتی پوتکۆنەن»، سفیری فینلەندا لە عێراق کرد.
لەو دیدارەدا، پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی فینلەندا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان و دەرفەتەکانی فراوانکردنی هاوکارییە هاوبەشەکان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا تاوتوێ کران. هەردوو لایەن جەختیان لە ویستی دووقۆڵی بۆ بەهێزکردنەوەی پەیوەندییەکان لە بوارە جیاوازەکاندا کردەوە.
دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە، پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و بەردەوامبوونی هەوڵەکان بۆ پاراستنی ئارامی و سەقامگیری، بابەتی تری ئەو دیدارە بوو.







