دەسەڵاتدارانی ئیسپانیا ڕایانگەیاند، بەهۆی پێکدادانی دوو شەمەندەفەر لە هەرێمی کاستیا-لامانشا 50 گیانیان لەدەستدا ژمارەیەکی زۆریش بریندار بوون، هاوکات هاتوچۆی شەمەندەفەرە خێراکان لەسەر هێڵی نێوان مەدرید و باشووری وڵاتەکە تا کاتێکی نادیار ڕاگیرا.
ئەمڕۆ چوارشەممە 28ـی تشرینی یەکەمی 2026، دەسەڵاتدارانی وڵاتی ئیسپانیا بڵاویان کردەوە: ژمارەی ئەو کەسانەی لە ڕووداوی پێکدادانی دوو شەمەندەفەر لە هەرێمی کاستیا-لامانشا گیانیان لەدەستداوە، بۆ (50) کەس بەرز بووەتەوە.
لە لایەکی دیکەوە، مانوێل گالان، سەرۆکی شارەوانیی شارۆچکەی "ئۆردا" لە لێدوانێکدا بۆ تەلەفزیۆنی فەرمیی ئیسپانیا (TVE) ڕوودانی پێکدادانەکەی پشتڕاست کردەوە و ئاماژەی بە بوونی ژمارەیەکی زۆر لە برینداران کرد، هاوکات گوتەبێژی دەزگای فریاگوزاریی ئیسپانیا ڕوونیکردەوە کە ڕووداوەکە کەمێک پێش کاتژمێر 9:00ـی بەیانی بە کاتی ناوخۆ ڕوویداوە و سەرجەم تواناکان خراونەتە گەڕ، لەوانە تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە، سێ هێلیکۆپتەری فریاکەوتن و دوو یەکەی گەڕۆکی چاودێریی چڕ بۆ ڕزگارکردنی لێقەوماوان.
بەهۆی کارەساتەکەوە، کۆمپانیای بەڕێوەبردنی ژێرخانی هێڵی ئاسنینی ئیسپانیا (ئەدیف) بڕیاری دا بە ڕاگرتنی تەواوەتیی جووڵەی شەمەندەفەر لەسەر هێڵی خێرای نێوان مەدریدی پایتەخت و باشووری وڵاتەکە تا کاتێکی نادیار، شایەنی باسە ئەم ڕووداوە لە دوای کەمتر لە ساڵێک دێت لە کارەساتێکی هاوشێوە لە ناوچەی "ئاداموس" لە باشووری ئیسپانیا، کە بەهۆی پێکدادانی دوو شەمەندەفەرەوە 46 کەس گیانیان لەدەستدابوو.







