ژمارەی تووشبووانی پشتڕاستکراوە بە پەتای مەترسیداری "ئیبۆلا" لە کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ 10 هەزار حاڵەتی تێپەڕاند، ئەمەش لە کاتێکدایە نیگەرانی و هۆشدارییە نێودەوڵەتییەکان لە ئەگەری تەشەنەسەندنی پەتاکە بۆ وڵاتانی دراوسێ و دەرەوەی کیشوەری ئەفریقا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیان کردووە.
بەپێی دوایین ئامارەکانی پەیمانگەی تەندروستیی گشتیی کۆنگۆ کە ڕۆیتەرز بڵاویکردووەتەوە، تا ئێستا 10,060 حاڵەتی تووشبوون و 4,887 حاڵەتی گیانلەدەستدان بەهۆی جۆری "بۆندیبۆگیۆ"ـی ڤایرۆسەکە تۆمار کراون، ڕاپۆرتە پزیشکییەکانیش ئەم شەپۆلە نوێیە بە گەورەترین و توندترین بڵاوبوونەوەی پەتاکە لە مێژووی ئەو وڵاتەدا وەسف دەکەن.
لەلایەکی دیکەوە، دەرکەوتنی حاڵەتەکانی تووشبوون لە دەرەوەی کۆنگۆ ترسی هەرێمیی زیاتری دروستکردووە، بەجۆرێک کینیا تۆمارکردنی 9 حاڵەت و نێجیریاش تۆمارکردنی حاڵەتێکی پەیوەندیداری بەم شەپۆلەوە ڕاگەیاندووە. هاوکات لایەنە پەیوەندیدارە نێودەوڵەتییەکان لێکۆڵینەوە لە چۆنیەتیی تووشبوونی هاوسەری دیپلۆماتکارێکی سویسری دەکەن کە هەرگیز گەشتی کۆنگۆی نەکردووە، بەڵام تووشی ڤایرۆسەکە بووە و لە ئێستادا گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی وڵاتی سویسرا.
ڕێکخراوە تەندروستییەکان هۆشداری دەدەن کە بەرگرتن لە کارەساتی فراوانتر، پێویستی بە دۆزینەوەی بەپەلەی سەرچاوەی تووشبووان، کەرەنتینەکردنی خێرا، چاودێریی وردی بەرکەوتووان و توندکردنەوەی ڕێکارە خۆپارێزییەکانە لە دەروازە سنوورییەکاندا.







