دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند کە ڕێککەوتنی ئاگربەست لەگەڵ ئێران لە هاوینی ڕابردوودا تەنها «بەفیڕۆدانی کات» بووە؛ لە هەمان کاتدا جەختی کردەوە کە ڕووبەڕووبوونەوە و ئاڵۆزییەکانی ئێستە زۆر زوو کۆتاییان پێ دێت.
قسەکانی ترامپ لە کاتی کۆبوونەوەیەکی گەورەی پشتیوانانی حیزبی کۆماریخواز لە شاری کورینث لە ویلایەتی میسیسیپی و پێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی ۳ نوێمبەر کران.
ترامپ دەربارەی ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی لەگەڵ ئێران گوتی: «ئەمریکا هیچ هەڵبژاردەیەکی تری لەبەردەم نەبوو، پێویست بوو ئەم کارە ساڵانێک پێشتر بکرێت، ئەوەی ئێستا ڕوودەدات زۆر خێرا کۆتایی دێت.»
ناوبراو سەبارەت بە هەوڵەکانی پێشووتر بۆ ئارامکردنەوەی بارودۆخەکە گوتی: «ئێمە ڕازی بووین بە ئاگربەستێکی کورتخایەن کە خۆم زۆر باوەڕم پێی نەبوو، چونکە دەمتزانی بەفیڕۆدانی کاتە. تەنانەت بۆ نیشاندانی نیازی چاک، ڕێگامان بە چەند کەشتییەک دا لە تەنگەی هۆرموز تێپەڕن، بەڵام ئەو هەنگاوەش تەنها بەفیڕۆدانی کات بوو.»
قسە توندەکانی ترامپ لە کاتێکدا دەکرێن کە لە ئاستی ناوچەیی هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ دوورکەوتنەوە لە جەنگێکی فراوان بەردەوامن و لەم چوارچێوەیەدا، تاران بووەتە میوانداری گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی باڵای وڵاتانی عەرەبستان، پاکستان و تورکیا بۆ کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان و خۆشکردنی زەمینەی دانوسان.
لە لایەکی ترەوە، عەباس عێراقچی، وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێران، جەختی لە بەردەوامبوونی پەیوەندییە ناڕاستەوخۆکان لەگەڵ واشنتن لە ڕێگەی وڵاتانی ناوبژیوان کردووە و ئاماژەی داوە کە واشنتن هەوڵ دەدات مەرجە نوێیەکان بەسەر پێشنیاری تاران بۆ ئاگربەست و کردنەوەی تەنگەی هۆرموزدا بسەپێنێت.







