ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا دانی بەوەدا نا کە دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەی بە هیچ جۆرێک ئامادەی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ئاڵۆزی و پشێوییە فراوانە نەبوون کە لە 17ی تشرینی یەکەم فەرەنسای هەژاند، ئەمەش لە کاتێکدایە شەپۆلی ناڕەزایەتییەکان لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلوولەوە بەردەوامییان هەیە.
ماکرۆن لە میانی سەردانەکەیدا بۆ شاری مارسیلیا ڕایگەیاند: ڕۆژی 17ی تشرینی یەکەم هێزی ئەمنیی پێویست نە لە مارسیلیا و نە لە شارەکانی دیکەش لە بەردەستدا نەبوو، چونکە ئێمە بە تەواوی پێشبینیی ڕوودانی ئەو بارودۆخەمان نەدەکرد.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی ناوخۆی فەرەنسا، لەو ڕۆژەدا گەورەترین خۆپیشاندان لە سەرانسەری وڵات لە دوای دەستپێکردنی ناڕەزایەتییەکان بەڕێوەچوو، کە نزیکەی 550 هەزار کەس بەشدارییان تێدا کردبوو.
دواتر خۆپیشاندانەکان وەرچەرخان بۆ توندوتیژی، تاڵانکردن و پشێوییەکی بێوێنە؛ لە چەندین شاردا گرووپە دەمامکدارەکان لەگەڵ هێزەکانی پۆلیس پێکیاندادا، بەهۆیەوە زیان بە نزیکەی 3 هەزار شوێن و بنکەی بازرگانی گەیشت، هاوکات زیاتر لە 1,000 ئەندامی پۆلیس، ژەندرمە و کارمەندانی ئاگرکوژێنەوە بریندار بوون.
لە بەرامبەردا هێزە ئەمنییەکان گازی فرمێسکڕێژ، بۆمبی دەنگی و ئاویان بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران بەکارهێنا و سەدان کەسیان دەستگیر کرد؛ هاوکات دەسەڵاتداران لە چەندین شاری گەورەی وەک (پاریس، لیل، لیۆن، مارسیلیا و نیس) قەدەغەی هاتوچۆیان سەپاند.
ئەم شەپۆلە کە بە یەکێک لە توندترین پشێوییەکانی چەند ساڵی ڕابردووی فەرەنسا دادەنرێت، ماکرۆنی لە مانگەکانی کۆتایی ویلایەتەکەیدا ڕووبەڕووی قەیرانێکی قوڵ کردووەتەوە. ناڕەزایەتییەکان سەرەتا لە ناوەڕاستی ئەیلوول لەلایەن خوێندکارانی ئامادەییەوە لە دەوروبەری پاریس بۆ باشترکردنی بارودۆخی خوێندنگەکان دەستی پێکرد، بەڵام دواتر ناڕازییانی گرانیی نرخەکان هاتنە پاڵیان و بە خێرایی تەواوی فەرەنسای گرتەوە.







