دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، ڕایگەیاند کە بڕیاری ئەو بۆ پشتگیری لە بنیامین نتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و سەرکردەی حیزبی لیکود، ڕەوتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئیسرائیلی گۆڕی؛ بە شێوەیەک کە لەبری ڕووبەڕووبوونەوەی نتانیاهۆ لەگەڵ شکستی گەورە، بارودۆخەکە ئێستا زیاتر لە گەڕانەوەیەکی بەهێز دەچێت.
ترامپ ئەم قسانەی لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی «Truth Social» بڵاوکردەوە و ئاماژەی کرد کە پشتگیریی ئاشکرای ئەو لە نتانیاهۆ کاریگەریی لەسەر ڕەوتی پێشبڕکێیە هەڵبژاردنییەکان هەبووە.
بەپێی ئەنجامەکانی ڕاپرسییەکانی دەنگدان لە دەروازەی سندوقەکانی دەنگدان (پێشبینییەکان) کە لەلایەن تەلەفزیۆنە ئیسرائیلییەکانەوە بڵاوکراونەتەوە، بلۆکی نتانیاهۆ نزیکەی ۵۵ تا ۵۷ کورسی لە ۱۲۰ کورسیی پەرلەمان بەدەست دەهێنێت. لە بەرامبەردا، بلۆکی ئۆپۆزسیۆن بە سەرکردایەتی گادی ئایزینکۆت، سەرکردەی حیزبی «Yashar»، لە پێشبینییە جۆراوجۆرەکاندا نزیکەی ۴۹ تا ۵۳ کورسی بۆی تۆمار کراوە.
ئەم ئامارانە نیشان دەدەن کە پێشبڕکێی نێوان دوو بلۆکەکە زۆر نزیکە و هیچ کام لە لایەنەکان بە تەنیا ناتوانێت زۆرینەی ڕەهای پەرلەمان، واتە ۶۱ کورسی، بەدەست بهێنێت.
ئەم هەڵبژاردنەی دوێنێ بەڕێوەچوو، یەکەمین هەڵبژاردنی گشتیی ئیسرائیلە دوای هێرشەکانی ۷ی ئۆکتۆبەر ۲۰۲۳ی حەماس و جەنگەکانی دوای ئەوان لە ناوچەکە.
بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکان، ڕێژەی بەشداریی دەنگدەران گەیشتووەتە نزیکەی ۷۷.۷٪؛ ئەو ڕێژەیە بەرزترین ئاستی بەشدارییە کە لە ساڵی ۱۹۹۹ەوە تۆمار کراوە.
ئەم هەڵبژاردنە وەک تاقیکردنەوەیەکی گرنگ بۆ ڕێبەرایەتیی نەتانیاهو، بە تایبەتی لە ڕووی سیاسەتەکانی ئاسایش، جەنگی غەزە، پەیوەندییە هەرێمییەکان و ناکۆکییە ناوخۆییەکانی ئیسرائیل، سەیر دەکرێت.
لە سیستەمی سیاسیی ئیسرائیلدا، بەدەستهێنانی ژمارەیەکی زیاتر لە کورسییەکان بە مانای پێکهێنانی دەستبەجێی حکومەت نییە. حیزبەکان دەبێت لە ڕێگەی ڕێککەوتنەکانی هاوپەیمانییەوە، پشتگیریی لانیکەم ۶۱ نوێنەری پەرلەمان بەدەستبهێنن.
بۆیە حیزبە بچووکترەکان و هێزە سیاسییەکانی دەرەوەی ئەم دوو بلۆکە سەرەکییە دەتوانن ڕۆڵێکی سەرەکی لە دیاریکردنی حکومەتی داهاتوودا بگێڕن.
لە لایەکی دیکەوە، بنیامین نەتانیاهو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و ڕێبەری حیزبی لیکود، ڕایگەیاند کە بلۆکی ڕاستگەر لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئیسرائیلدا «زۆرینەیەکی ڕوونی» بەدەستهێناوە و داوای پێکهێنانی «حکومەتێکی بەهێزی نیشتمانی و ڕاستگەر» کرد.
نەتانیاهو ئەمڕۆ چوارشەممە، لە دیدارێکدا لەگەڵ پشتگیرانی حیزبی لیکود لە قودس، وتی ئەوەی ئێستا ڕوون بووەتەوە ئەوەیە کە لیکود گەورەترین حیزبی ئیسرائیلە و بلۆکی ڕاستگەر لە نێو دەنگدەران و ئەوانەی پشتگیری لە حکومەتی ئیسرائیل دەکەن، زۆرینەی لەبەردەستدایە.
ئەو لە هەمان کاتدا ڕەخنەی لەو ڕاپۆرت و پێشبینییانە گرت کە پێش هەڵبژاردنەکان ئاماژەیان بە کەمبوونەوەی کورسییەکانی حیزبی لیکود کردبوو. نەتانیاهو وتی: هێشتا دەبێت چاوەڕێی ئەنجامە کۆتاییەکانی هەڵبژاردنەکان بین.
دوای کۆتایی هاتنی ژماردنەوەی دەنگەکان، ئیسحاق هێرتزۆگ، سەرۆککۆماری ئیسرائیل، لەگەڵ ڕێبەرانی حیزبەکان دیدار دەکات و پاشان ئەو کەسە دیاری دەکات کە پێی وایە شانسێکی زیاتر بۆ پێکهێنانی حکومەت هەیە. ئەو کاندیدە تا ۴۲ ڕۆژ کاتی هەیە بۆ ڕێکخستنی هاوپەیمانیی حکومەت.
بەپێی زانیارییە فەرمییەکان، ئەنجامە کۆتاییەکانی هەڵبژاردنەکان هێشتا لە قۆناغی ژماردندایە و بڕیارە ئەنجامە فەرمییەکان لە ۴ی نوێمبەری داهاتوودا بڵاو بکرێنەوە.







