دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند کە ڕێککەوتنی ئاگربەست لەگەڵ ئێران لە هاوینی ڕابردوودا تەنیا "بەفیڕۆدانی کات" بووە، هاوکات جەختیشی کردەوە کە ڕووبەڕووبوونەوە و گرژییەکانی ئێستا زۆر بە زوویی کۆتاییان دێت.
لێدوانەکانی ترەمپ لە میانی گردبوونەوەیەکی جەماوەریی لایەنگرانی پارتی کۆماری لە شاری کۆرینسی ویلایەتی میسیسیپی هات، بەر لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی 3ی تشرینی دووەم.
ترەمپ سەبارەت بە ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی لەگەڵ ئێران ڕایگەیاند: " ئەمەریکا هیچ بژاردەیەکی تری لەبەردەمدا نەمابوو، پێویست بوو ئەم کارە لە مێژ ساڵە ئەنجام بدرایە، ئەوەی ئێستاش ڕوودەدات زۆر بە خێرایی کۆتایی پێدێت.
ناوبراو سەبارەت بە هەوڵەکانی پێشوو بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە گوتی: ئێمە ڕازی بووین بە ئاگربەستێکی کورتخایەن کە من خۆم زۆر باوەڕم پێی نەبوو، چونکە دەمزانی بەفیڕۆدانی کاتە. تەنانەت ڕێگەمان بە ژمارەیەک کەشتی دا بە گەرووی هورمزدا تێپەڕبن بۆ ئەوەی نیازی باش پێشان بدەین، بەڵام ئەو هەنگاوەش تەنیا کات بەفیڕۆدان بوو.
لێدوانە توندەکانی ترەمپ لە کاتێکدایە کە لەسەر ئاستی ناوچەکە هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ دوورکەوتنەوە لە جەنگێکی فراوان بەردەوامن، لەو چوارچێوەیەشدا تاران میوانداریی گفتوگۆی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەریەک لە سعوودیە، پاکستان و تورکیا کرد بە مەبەستی کەمکردنەوەی گرژییەکان و ڕەخساندنی زەمینەی دانوستان.
لەلایەکی دیکەوە، عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران جەختی لە بەردەوامیی پەیوەندییە ناڕاستەوخۆکان لەگەڵ واشنتن لە ڕێگەی وڵاتانی نێوەندگیرەوە کردبووەوە و ئاماژەی بەوە کرد کە واشنتن هەوڵ دەدات مەرجی نوێ بەسەر پێشنیازەکەی تاران بۆ ئاگربەست و کردنەوەی گەرووی هورمزدا بسەپێنێت.







