بە مەبەستی بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری و گەشەپێدانی کەرتی پیشەسازی لە سنووری پارێزگای هەولێر، بە سەرپەرشتیی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، ڕەزامەندی لەسەر 38 پڕۆژەی نوێی پیشەسازی درا.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 25ـی تشرینی یەکەمی 2026، کۆبوونەوەی لێژنەی گەشەپێدان و پشتگیریی پڕۆژە پیشەسازییەکان بە ئامادەبوونی هێمن قادر، جێگری پارێزگار و ئەندامانی لێژنەکە بەڕێوەچوو. لە کۆبوونەوەکەدا، بارودۆخی پڕۆژەکان، جۆری خزمەتگوزاری و بەرهەمەکانیان و ئاستی جێبەجێکردنی ئەرکەکان تاوتوێ و هەڵسەنگاندنیان بۆ کرا.
پارێزگاری هەولێر وێڕای دەستخۆشی لە کارەکانی لێژنە، جەختی لەسەر پێویستیی چارەسەرکردنی بەربەستەکانی بەردەم پڕۆژە گەورە و مامناوەندەکانی پیشەسازی و وەبەرهێنان کردەوە بە جۆرێک کە لەگەڵ یاسا و ڕێنماییەکاندا بگونجێت.
لەم چوارچێوەیەشدا، بۆ فراوانکردنی چالاکییە پیشەسازییەکان و پاڵپشتیکردنی ئابووریی هەرێمی کوردستان، بە کۆی دەنگ ڕەزامەندی لەسەر 38 پڕۆژەی جۆراوجۆری پیشەسازی درا. لە کۆتایی کۆبوونەوەکەشدا چەند بڕیارێکی تایبەت بە ئاسانکاریکردن و پێشخستنی ڕێکارە کارگێڕییەکانی ئەو پڕۆژانە پەسەند کرا.







