لە هێرشێکی چەکداریدا لە پاوە، دوو ئەندامی سوپای پاسداران کوژراون و دوو کەسی دیکەش برینداربوون.
ئەمڕۆ سێشەممە 30ـی حوزەیران، میدیا فەرمییەکانی ئێران بڵاویان کردەوە، ئێوارەی دوێنێ دووشەممە، لە هێرشێکدا لە شاری پاوەی باکووری پارێزگای کرماشان، دوو ئەندامی سوپای پاسدارانی ئێران کوژراون و دوو کەسی دیکەش بریندار بوون.
ئاماژە بەوەش کراوە، هێرشەکە لە شوێنی نێشتەجێبوونی ئەو دوو ئەندامەی سوپای پاسداران ئەنجام دراوە و لەبەردەم ماڵەکەیاندا تەقەیان لێ کراوە، لێکۆڵینەوە بۆ دیاریکردنی ناسنامەی ئەنجامدەرانی هێرشەکە دەستی پێ کردووە.
تا ئێستا هیچ لایەنێک بە فەرمی بەرپرسیارێتیی خۆی لە ئەنجامدانی ئەو هێرشە ڕانەگەیاندووە.







