دۆسیەی پەرلەمانتار موسەننا سامەڕائی:
بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی دەستەی دەستپاکی، دادگا سزای 6 ساڵ زیندانیکردنی بەسەر موسەننا سامەڕائیدا سەپاندووە بەپێی ماددەی 319 لە یاسای سزادانی عێراقی، ئەمەش بەهۆی قۆستنەوەی پۆستەکەی وەک ئەندامی پەرلەمان و بەدەستهێنانی سوودی نایاسایی لە گرێبەست و کارەکانی هەردوو کۆمپانیای پاڵاوگەکانی باکوور و باشوور. ناوبراو لە ڕێگەی 4 کۆمپانیای کەرتی تایبەتەوە گرێبەست و پارەی بۆ کەسانی نزیکی دابین کردووە و بڕی 30 ملیار دینار قازانجی نایاسایی دەستکەوتووە؛ بەو هۆیەوە دادگا بڕیاری داوە بە پابەندکردنی بە گەڕاندنەوەی تەواوی ئەو 30 ملیار دینارە بۆ گەنجینەی دەوڵەت.
دۆسیەی پەرلەمانتار زیاد جەنابی:
لە هەمان دۆسیەدا، دادگای تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، سزای 5 ساڵ زیندانیکردنی توندی بەسەر ئەندامی پەرلەمان (زیاد جەنابی)دا سەپاندووە بەپێی ماددەی 319 لە یاسای سزادان، دوای ساغبوونەوەی دەستوەردانی لە دابەشکردنی گرێبەستەکانی کۆمپانیای پاڵاوگەکانی باکوور و خەرجکردنی پارە بۆ کۆمپانیا و کەسانی نزیک لە خۆی. دادگا ناوبراویشی پابەند کردووە بە گەڕاندنەوەی بڕی 4 ملیار دینار کە بە نایاسایی بۆ بەرژەوەندیی خۆی دەستی کەوتبوو.







