وەزارەتی دەرەوەی قەتەر ڕایگەیاند، پێویستە ئێران نیازپاکی نیشان بدات و هەڕەشەکانی بۆ سەر وڵاتانی کەنداو ڕابگرێت، تاوەکو هەوڵەکانی نێوەندگیری بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکان و چارەسەری ئاشتییانەی قەیرانی نێوان ئەمەریکا و ئێران سەرکەوتوو بن.
ئەمڕۆ سێشەممە 27ـی تشرینی یەکەمی 2026، ئیبراهیم هاشمی، بەڕێوەبەری بەشی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان لە وەزارەتی دەرەوەی قەتەر لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە دەوحە ڕایگەیاند: "پێویستە ئێران نیازپاکی نیشان بدات و هەڕەشەکانی دژ بە دەوڵەتانی کەنداو ڕابگرێت بۆ ئەوەی هەوڵەکانی نێوەندگیری بۆ کەمکردنەوەی پەرەسەندنەکان لە ناوچەکەدا سەرکەوتوو بن".
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر ڕوونی کردەوە، نێوەندگیرییەکان لە پێناو هێورکردنەوەی گرژییەکانە وەک زەمینەسازی بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانی نێوان ئەمەریکا و ئێران بە ڕێگەی ئاشتییانە، گوتیشی: "هەوڵەکانی سعوودیە و وڵاتانی پەیمانی مەککە تەواوکەری هەوڵەکانی قەتەر و پاکستانن و سەردانی شاندی قەتەریش بۆ تاران بە مەبەستی پشتیوانیکردنە لە نێوەندگیری بۆ نەهێشتنی تەنگژەی ئێستا، هاوکات ناوچەکە پێویستی بە سیستەمێکی ئەمنیی هەرێمیی نوێ هەیە کە ڕێز لە سەروەریی دەوڵەتان بگرێت".
ڕۆژی دووشەممە 26ـی تشرینی یەکەمی 2026، وڵاتانی "پەیمانی مەککە" لە تاران گفتوگۆیان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئێران کرد، هاوکات ئەمڕۆ سێشەممەش لە مۆسکۆ لە پەراوێزی هەشتەمین لوتکەی "کۆڕبەندی وڵاتانی هەناردەکاری گاز"، تەمیم بن حەمەد ئالسانی، ئەمیری قەتەر لەگەڵ مەسعوود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران کۆبووەوە و تاوتوێی دۆسیەی دانوستان لەگەڵ ئەمەریکا، گەرووی هورمز و دابینکردنی وزەیان کرد.







