لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەکانی ئیسرائیل ئەنجامە بەراییەکانی دەنگدانی پەرلەمانی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند، پاش جیاکردنەوەی زیاتر لە 60%ـی دەنگەکان، هاوپەیمانییەکەی بنیامین نەتانیاهۆ پێشەنگە، هاوکات ڕێژەی بەشداری لە پرۆسەکەدا گەیشتووەتە 77.7%.
ئەمڕۆ چوارشەممە 28ـی تشرینی یەکەمی 2026، نوێترین ئاماری لیژنەی ناوەندیی هەڵبژاردنەکانی ئیسرائیل دوای جیاکردنەوەی 60.2%ـی دەنگەکان پێشانی دەدات، کە هاوپەیمانییەکەی بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئێستا، لەپێش بەرەی گادی ئایزنکۆتی ڕکابەرەکەی دێت.
لیژنەی هەڵبژاردنەکان ڕوونی کردەوە، تاوەکو ئێستا بەرەی نەتانیاهۆ (56) کورسی بەدەست هێناوە، لە بەرامبەردا بەرەکەی گادی ئایزنکۆت (48) کورسی مسۆگەر کردووە، هاوکات لیستە عەرەبییەکان توانیویانە (16) کورسی بەدەستبهێنن.
شایەنی باسە، بۆ پێکهێنانی حکوومەت پێویستە لایەنی براوە (61) کورسی لە کۆی (120) کورسییەکەی پەرلەمانی ئیسرائیل (کنێسێت) مسۆگەر بکات، هەروەها لیژنەی هەڵبژاردنەکان ئاماژەی بەوە کرد، ڕێژەی بەشداریکردن گەیشتووەتە 77.7%، کە بەرزترین ڕێژەیە لە ماوەی زیاتر لە 20 ساڵی ڕابردوودا و بە نزیکەی حەوت خاڵی سەدی لە هەڵبژاردنی ساڵی 2022 زیاترە، لە کاتێکدا چاوەڕوان دەکرێت ئەنجامی کۆتایی لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ڕابگەیەنرێت.







