بنیامین نەتانیاهو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و سەرکردەی حیزبی لیکود، ڕایگەیاند کە بلۆکی ڕاستگەرا لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئیسرائیل «زۆرینەیەکی ڕوونی» بەدەستهێناوە و داوای پێکهێنانی «حکومەتێکی بەهێزی نیشتیمانی و ڕاستگەرا» کرد.
نەتانیاهو ئەمڕۆ چوارشەممە، لە دیدارێکدا لەگەڵ پشتگیرانی حیزبی لیکود لە قودس، گوتی ئەوەی ئێستا ڕوون بووەتەوە ئەوەیە کە لیکود گەورەترین حیزبی ئیسرائیلە و بلۆکی ڕاستگەراش لەنێو دەنگدەران و ئەو کەسانەی پشتگیری حکومەتی ئیسرائیل دەکەن، زۆرینەی لەبەردەستدایە.
ئەو لە هەمان کاتدا ڕەخنەی لەو ڕاپۆرت و پێشبینییانە گرت کە پێش هەڵبژاردنەکان ئاماژەیان بە کەمبوونەوەی کورسییەکانی حیزبی لیکود کردبوو. نەتانیاهو گوتی: هێشتا دەبێت چاوەڕێی ئەنجامە کۆتاییەکانی هەڵبژاردنەکان بکرێت.
بەپێی ئەنجامەکانی ڕاپرسییەکانی دەنگدان لە دەروازەی سندوقی دەنگدان (پێشبینییەکان) کە لەلایەن تەلەڤیزیۆنەکانی ئیسرائیلەوە بڵاوکراونەتەوە، بلۆکی نەتانیاهو نزیکەی ۵۵ تا ۵۷ کورسی لە ۱۲۰ کورسیی پەرلەمان بەدەست دەهێنێت. لە بەرامبەردا، لە پێشبینییە جۆراوجۆرەکاندا نزیکەی ۴۹ تا ۵۳ کورسی بۆ بلۆکی ئۆپۆزسیۆن بە سەرکردایەتی گادی ئایزەنکۆت، سەرکردەی حیزبی «یاشار»، تۆمار کراوە.
ئەم ئامارانە نیشان دەدەن کە پێشبڕکێ لەنێوان دوو بلۆکەکە زۆر نزیکە و هیچ کام لە لایەنەکان بە تەنیا ناتوانێت زۆرینەی ڕەهای پەرلەمان، واتە ۶۱ کورسی، بەدەست بهێنێت.
ئەم هەڵبژاردنە، کە دوێنێ بەڕێوەچوو، یەکەمین هەڵبژاردنی گشتیی ئیسرائیلە دوای هێرشەکانی ۷ ئۆکتۆبەری ۲۰۲۳ حەماس و جەنگەکانی دوای ئەوە لە ناوچەکە.
بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکان، ڕێژەی بەشداری دەنگدەران گەیشتووەتە نزیکەی ۷۷.۷٪؛ ڕێژەیەک کە بەرزترین ئاستی بەشدارییە لە ساڵی ۱۹۹۹ ـەوە تۆمار کراوە.
ئەم هەڵبژاردنە وەک تاقیکردنەوەیەکی گرنگ بۆ ڕێبەرایەتیی نەتانیاهو دەبینرێت، بە تایبەتی لە ڕووی سیاسەتەکانی ئاسایش، جەنگی غەززە، پەیوەندییە هەرێمایەتییەکان و ناکۆکییە ناوخۆییەکانی ئیسرائیل.
لە سیستەمی سیاسیی ئیسرائیلدا، بەدەستهێنانی ژمارەیەکی زیاتر لە کورسییەکان بە مانای پێکهێنانی دەستبەجێی حکومەت نییە. حیزبەکان دەبێت لە ڕێگەی ڕێککەوتنەکانی هاوپەیمانییەوە، پشتگیریی لانیکەم ۶۱ نوێنەری پەرلەمان بەدەست بهێنن.
بۆیە حیزبە بچووکەکان و هێزە سیاسییەکانی دەرەوەی ئەم دوو بڵۆکە سەرەکییە دەتوانن ڕۆڵێکی سەرەکی لە دیاریکردنی حکومەتی داهاتوودا بگێڕن.
دوای تەواوبوونی ژماردنەوەی دەنگەکان، ئیسحاق هێرتزۆگ، سەرۆککۆماری ئیسرائیل، لەگەڵ ڕێبەرانی حیزبەکان دیدار دەکات و پاشان ئەو کەسە دیاری دەکات کە پێی وایە شانسی زیاتر بۆ پێکهێنانی حکومەت هەیە. ئەو کاندیدە تا ۴۲ ڕۆژ کاتی هەیە بۆ ڕێکخستنی هاوپەیمانیی حکومەت.
بەپێی زانیارییە فەرمییەکان، ئەنجامە کۆتاییەکانی هەڵبژاردنەکە هێشتا لە قۆناغی ژماردنەوەدان و بڕیارە ئەنجامە فەرمییەکان لە ۴ی نوێمبەرەوە بڵاو بکرێنەوە.







