دەستەی دەستپاکیى عێراق بڵاویکردەوە، دادگای تایبەتمەند حووکمی 8 ساڵ زیندانیکردنی بۆ بەڕێوەبەری گشتیی پێشووی کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان (حوسێن تاڵیب) دەرکرد، ئەمەش دوای ساغبوونەوەی تۆمەتی بەدەستهێنانی سوود و قازانجی نایاسایی لە گرێبەستەکانی کەرتی نەوتدا.
بەپێی ڕاگەیەندراوی فەرمیی دەستەی دەستپاکی، دادگا لە دۆسیەی سوودمەندبوونی نایاسایی لە گرێبەستەکانی کۆمپانیای پاڵاوگەکانی باکوور (مصافي الشمال)، جگە لە سزای 8 ساڵ زیندانیکردن، تاوانبارەکەی پابەند کردووە بە گەڕاندنەوەی بڕی 55 ملیار دینار بۆ خەزێنەی گشتیی دەوڵەت.
ئەم بڕیارە دادوەرییە لە چوارچێوەی هەڵمەتی بەرفراوانی دامەزراوە فەرمییەکانی عێراقدایە بۆ بەدواداچوونی دۆسیەکانی گەندەڵی، بەهەدەردانی سامانی گشتی و گەڕاندنەوەی پارە دزراوەکان بۆ دارایی دەوڵەت.







