بەپێی داتاکانی بەڕێوەبەرایەتی زانیارییەکانی وزەی ئەمریکا، هەناردەکردنی نەوتی عێراق بۆ بازاڕەکانی ئەمریکا بۆ ماوەی مانگێکە بە تەواوی وەستاوە و وڵاتانی کەنەدا و ڤەنزوێلا لە سەرەوەی لیستی دابینکەرانی نەوتی ئەمریکا دان.
بەڕێوەبەرایەتی زانیارییەکانی وزەی ئەمریکا (EIA) لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا بڵاویکردەوە: ناوەندی هاوردەکردنی نەوتی خاو لەلایەن ئەمریکاوە لە ۱۰ وڵاتی سەرەکی لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا گەیشتە پێنج ملیۆن و ۳۰۰ بەرمیل لە ڕۆژێکدا، کە ئەم بڕە بەراورد بە هەفتەی پێشووتر کە پێنج ملیۆن و ۴۰۷ بەرمیل بوو، کەمبوونەوەی ۱۰۷ بەرمیل لە ڕۆژێکدا تۆمار کردووە.
بەپێی ئەم داتایانە، کەنەدا بە ناوەندی سێ ملیۆن و ۹۰۲ بەرمیل لە ڕۆژێکدا لە سەرەوەی خشتەی هەناردەکارانی نەوت بۆ ئەمریکا دایە؛ هەروەها ڤەنزوێلا بە ۵۷۱ بەرمیل دووەمین دابینکەری گەورەی نەوتە، برازیل بە ۱۸۳ بەرمیل لە پلەی سێیەمە و عەرەبستانی سعودییش بە ۱۷۶ بەرمیل لە ڕۆژێکدا پلەی چوارەمی بۆ خۆی تۆمار کردووە.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە هەناردەکردنی نەوتی عێراق بۆ بازاڕەکانی ئەمریکا بۆ ماوەی مانگێکە گەیشتووەتە سفر و لەم ماوەیەدا هیچ بڕێک نەوتی خاوی عێراق نەچووەتە ناو بازاڕی ئەمریکا.







