پۆلیسی هەڵەبجە ڕایگەیاند، بە بڕیاری لیژنەی ئەمنی، بردنەژوورەوەی هەر جۆرە چەک، تەقەمەنی و یارییەکی ئاگرین بۆ ناو 12ـەمین فێستیڤاڵی هەنار و پاییزی هەڵەبجە بە تەواوی قەدەغەیە.
ئەمڕۆ سێشەممە 27ـی تشرینی یەکەمی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە لە ئاگادارییەکدا بۆ هاووڵاتییان و گەشتیاران بڵاویکردەوە: بە بۆنەی بەڕێوەچوونی 12ـەمین فێستیڤاڵی هەنار و پاییزی هەڵەبجە و لەسەر بڕیاری لیژنەی ئەمنیی پارێزگای هەڵەبجە، لە پێناو پاراستنی ئاسایشی بەشداربووان و دڵنیابوون لە بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵەکە بە شێوەیەکی ئارام و ئاسوودە، بردنەژوورەوەی هەر جۆرە چەکێک، یاریی ئاگرین، تەقەمەنی و هەر جۆرە کەرەستەیەکی قەدەغەکراو بۆ ناو شوێنی فێستیڤاڵەکە قەدەغەیە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، داوا لە سەرجەم هاووڵاتییان و بەشداربووان دەکرێت پابەندی تەواوی ڕێنماییە ئەمنییەکان بن و خۆیان لە هەڵگرتن و بردنەژوورەوەی چەک و هەر کەرەستەیەکی نایاسایی بپارێزن لە پێناو پاراستنی سەلامەتیی گشتیدا.







