سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندێکی بازرگانی لە تورکیا دیداری کرد؛ مەسرور بارزانی خواستی هەرێمی کوردستانی بۆ پەرەپێدانی زیاتر پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیا لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا دەربڕی.
ئەمڕۆ سێشەممە، ۲۷ی ئۆکتۆبەر، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە شاندێکی بازرگانیی تورکیا کرد کە لە ژمارەیەک لە بازرگانان، خاوەنکاران و وەبەرهێنەرانی ئەندامی ئەنجومەنی پەیوەندییە ئابوورییە دەرەکییەکانی تورکیا (DEİK) پێک هاتبوو.
لەو دیدارەدا کە بە ئامادەبوونی Anıl Bora İnan، باڵیۆزی تورکیا لە عێراق، و Derman Topçu، کۆنسوڵی گشتیی تورکیا لە هەرێمی کوردستان، بەڕێوەچوو، سەرۆکوەزیران لە کاتی بەخێرهێنانی شاندە میوانەکە، جەختی لە خواستی هەرێمی کوردستان بۆ پەرەپێدانی زیاتر پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیا لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا، بە تایبەتی ئاڵوگۆڕی بازرگانی، کردەوە و ئامادەیی خۆی بۆ پێشکەشکردنی هەر جۆرە ئاسانکارییەک بۆ بەهێزکردنی چاڵاکییە بازرگانییەکانی نێوان هەردوو لا دەربڕی.
ئەندامانی شاندەکەش ئاماژەیان بە ئامانجی سەردانەکەیان کرد و کورتە و ڕاپۆرتێکیان لەبارەی کۆمپانیاکان، چاڵاکییەکان و پڕۆژەکانی خۆیان پێشکەش کرد. ئەوان هەروەها حەز و ئارەزووی خۆیان بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکان و فراوانکردنی وەبەرهێنانەکانیان لە هەرێمی کوردستان نیشان دا.
لە بەشێکی دیکەی ئەم کۆبوونەوەیەدا، گفتوگۆ لەبارەی گرنگیی پڕۆژەی «ڕێڕەوی گەشەپێدان» و بەستنەوەی وڵاتانی کەناری کەنداو، عێراق و هەرێمی کوردستان بە تورکیا و ئەورووپا لە ڕێگەی هێڵەکانی شەمەندەفەرەوە کرا.







