بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای دهۆک دەستگیرکردنی 3 تۆمەتباری ڕاگەیاند، پاش ئەوەی درەنگانی شەوی ڕابردوو لە گەڕەکی خەباتی شاری دهۆک بەشەڕ هاتبوون و لە ئەنجامدا 2 کەس بریندار ببوون.
بەپێی ڕاگەیەندراوی پۆلیسی دهۆک، دەستبەجێ دوای ئاگادارکردنەوەیان لە دروستبوونی شەڕەکە، مەفرەزەکانی پۆلیس گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و بەدواداچوونی چڕیان دەست پێکردووە، هاوکات بریندارەکان بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون و بەپێی پشکنین و ڕاپۆرتی پزیشکیش دەرکەوتووە کە چەند کەسێک لە تۆمەتبارەکان پێشتر مەییان خواردووەتەوە و سەرخۆش بوون.
پاش تۆمارکردنی سکاڵای یاسایی و بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە بەپێی ماددەی 413 لە یاسای سزادانی عێراقی، توانراوە هەر 3 تۆمەتبارەکە لەلایەن هێزەکانی پۆلیسەوە دەستبەسەر بکرێن، لە ئێستاشدا تۆمەتباران بە بڕیاری دادوەر ڕاگیراون و دۆسیەکە لەژێر لێکۆڵینەوەی وردی یاساییدایە.







