بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند، پیلانێکی هێرشی چەکدارییان بە مەبەستی تۆڵەسەندنەوە لە بەردەم باڵەخانەی دادگای بەرایی پووچەڵ کردووەتەوە و تۆمەتبارێکی دەمامکداریان پێش جێبەجێکردنی تاوانەکە بە چەکەوە دەستگیر کردووە.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر لە ڕوونکردنەوەیەکدا بڵاوی کردەوە: ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی 21ـی تشرینی یەکەمی 2026، هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێر لە بەردەم باڵەخانەی دادگای بەرایی هەولێر، سەرکەوتووانە توانییان پلانێکی هەوڵی ئەنجامدانی تاوان پووچەڵ بکەنەوە، تۆمەتبارەکە دەستگیر بکەن و دەست بەسەر چەکەکەیدا بگرن.
لە ڕوونکردنەوەکەدا هاتووە: لە کاتی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی دادگاییکردنی دوو تۆمەتبار بە ناوەکانی (هـ. ت) و (م. ت) کە لە ڕێکەوتی (25ـی ئایاری 2024)ـەوە تۆمەتبارن بە تاوانی کوشتنی ئامۆزایەکیان بە ناوی (ک. ک. م)، هاووڵاتییەک بە ناوی (م. ج. م) بە مەبەستی تۆڵەسەندنەوە و بە بەکارهێنانی چەک هەوڵی ئەنجامدانی تاوانێکی دەدا، تۆمەتبارەکە بۆ شاردنەوەی ناسنامەی خۆی دەمامکی بەستبوو، بەڵام پێش جێبەجێکردنی مەبەستەکەی، لەلایەن تیمەکانی پۆلیسەوە ڕێگریی لێکرا و دەستبەجێ دەستگیر کرا، دەست بەسەر چەکەکەشیدا گیرا.
پۆلیسی هەولێر ئاماژەی بەوەش کردووە، ئێستا تۆمەتبارەکە ڕادەستی یاسا کراوە و پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ ڕووداوەکە بۆ کراوەتەوە.







