پڕۆژەی ڕووناکی لە ئاگادارییەکی فەرمیدا داوا لە هاوبەشانی کارەبا دەکات پابەندی وادەی دیاریکراوی پێدانی پارەی پسوولەکانیان بن، هاوکات هۆشداری دەدات لەوەی هەر هاوبەشێک لە ماوەی دیاریکراودا پارە نەدات، کارەباکەی دەپچڕێندرێت.
بەپێی ڕاگەیەندراوی پڕۆژەی ڕووناکی، هاوبەشان دەبێت لە ماوەی 50 ڕۆژدا پارەی پسوولەی کارەبا بدەن، ئەو ماوەیەش لە ڕێکەوتی دەرچوونی پسوولەکەوە لەسەر سەکۆی "ئی-پسوولە" دەست پێدەکات، نەک لە کاتی گەیشتنی پسوولەی کاغەزی، بۆیە داوا لە هاووڵاتییان دەکرێت مانگانە لە ڕێگەی ئەو سەکۆیەوە چاودێریی پسوولەکانیان بکەن کە لە ئێستادا نوێترین پسوولە بۆ زۆربەی هاوبەشان بەردەستە.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەو هاوبەشانەی لە ماوەی 50 ڕۆژەکەدا پارەی پسوولەکەیان نادەن، کارەباکەیان دەپچڕێت و پرۆسەی گەڕاندنەوەی کارەباش تەنیا دوای ئەوە دەست پێدەکات کە تەواوی پارەی پسوولەکە پاکتاو بکرێت، گەڕاندنەوەکەش بە گشتی تا 24 کاتژمێر دەخایەنێت، بەڵام ئەگەر پارەدانەکە لە ڕێگەی کارمەندی کۆکەرەوەوە بووبێت، لەوانەیە کاتێکی زیاتر بخایەنێت.
پڕۆژەی ڕووناکی داواش لە هاوبەشان دەکات لە ڕێگەی ماڵپەڕی فەرمیی پڕۆژەکەوە یەکەکانیان تۆمار بکەن، تاوەکو بە شێوەیەکی بەردەوام لە دەرچوون و زانیارییەکانی پسوولەکانیان ئاگادار بکرێنەوە.







