یەکشەممە ۱۱ ئۆکتۆبەر ۲۰۲۶ لە پیرەماغ، سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە ئەنتی پوتکۆنین، باڵیۆزی فینلەندا لە عێراق کرد.
لەو دیدارەدا، هەردوو لایەن لەبارەی ئاڵۆزییەکان، پێچیدەییەکان و گۆڕانکارییە نوێیەکان لە ئاستی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتیدا ئاڵوگۆڕی بۆچوونیان کرد و جەختیان لەسەر پێویستی زاڵبوونی گفتوگۆ و ڕێگاکانی ئاشتییانە بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەرێمایەتی و جیهانییەکان کرایەوە.
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی عێراق و هاوئاهەنگیی نێوانیان گفتوگۆی لەسەر کرا. هەروەها جەخت لەسەر تێپەڕاندنی بەربەست و ئاڵنگارییەکان و چارەسەرکردنی کێشەکانی عێراق لە چوارچێوەی دەستوور و بە لەبەرچاوگرتنی بنەماکانی بەشداری، هاوسەنگی و ڕێککەوتن کرایەوە.
مەترسیی تیرۆر و ڕۆڵی هاوپەیمانان لە جەنگی دژی تیرۆریستان بابەتی دیکەی دیدارەکە بوو؛ سەرۆک بارزانی سوپاسی ڕۆڵی فینلەندا و وڵاتانی هاوپەیمان لە یارمەتیدانی عێراق و هەرێمی کوردستان و شکستدانی تیرۆریستەکانی داعش کرد.
باڵیۆزی فینلەندا لە عێراقیش ئاماژەی بە ڕۆڵی سەرەکی و کاریگەری هێزە پێشمەرگەکانی کوردستان لە جەنگی دژی تیرۆر کرد و جەختی کردەوە کە لە دیدی وڵاتەکەیەوە، بوونی هەرێمێکی بەهێزی کوردستان یارمەتیدەرە بۆ بەهێزکردنی زیاتر عێراق لە دابینکردنی سەقامگیری و گەشەکردندا.







