بەهۆی پێشبینییەکانی کەشوهەوا بۆ هاتنی شەپۆلێکی بارانبارینی بەهێز بۆ ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان، سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی ڕایگەیاند، سەرجەم تیمە خزمەتگوزاری و فریاگوزارییەکانیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر ئەگەرێکی نەخوازراو خستووەتە حاڵەتی ئامادەباشیی تەواوەوە.
شارەوانیی سلێمانی ئاماژەی بەوە کردووە، لەپێناو کەمکردنەوەی مەترسییەکانی کۆبوونەوەی ئاو و دروستبوونی لافاو، بە هاوکاریی بۆردی کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاک و کۆمپانیاکان، هەڵمەتێکی فراوانیان بۆ پاککردنەوەی مەنهۆل، ئاوەڕۆ و کەناڵەکانی ڕێڕەوی ئاو لە شەقامە سەرەکییەکان، کۆڵانەکان و شوێنە گشتییەکان ئەنجام داوە و سەرجەم ئامادەکارییە پێویستەکانیان گرتووەتەبەر.
سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی داوا لە هاووڵاتیان دەکات پابەندی ڕێنماییەکانی پاراستن بن، ڕاشیگەیاند: تیمەکانمان بە شێوەی 24 کاتژمێری لە خزمەت و ئامادەباشیدان بۆ پاراستنی سەلامەتی و ئارامیی هاووڵاتیان.
هەروەها شارەوانیی سلێمانی داوای لە هاووڵاتیان کرد، لە کاتی هەر حاڵەتێکی نەخوازراو یان پێویستبوون بە یارمەتیی بەپەلە، ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە هێڵی گەرمی فریاکەوتنی (JCC) بە ژمارە 100 بکەن.







