ئەندامی لیژنەی یەکخستنی پەروەردە و خوێندنی باڵا ڕایگەیاند، بۆ ئەمساڵی خوێندن قوتابییانی زانکۆی ڕۆژاڤا لە ژێر ناوی "کۆمەڵگەی کۆلێژەکانی قامیشلۆ" لە زانکۆی فۆرات وەردەگیرێن، هاوکات زانکۆی کۆبانێش دەبەسترێتەوە بە زانکۆی حەلەبەوە بە مەبەستی پاراستنی ناسنامەی ئەکادیمییان.
ئەحمەد موراد، ئەندامی ئەنجومەنی گەل و ئەندامی لیژنەی یەکخستنی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە ڕۆژئاوای کوردستان بە (کوردستان تیڤی) ڕاگەیاند: بۆ ئەمساڵی خوێندن، قوتابییانی زانکۆی ڕۆژاڤا لەژێر ناوی "کۆمەڵگەی کۆلێژەکانی قامیشلۆ" کە سەر بە زانکۆی فورات دەبێت وەردەگیرێن و ئەم ڕێکارەش تا ئەو کاتە بەردەوام دەبێت کە بە فەرمی "زانکۆی حەسەکە" دادەمەزرێت.
سەبارەت بە زانکۆی کۆبانێش ئاماژەی بەوە کرد، ناوی "کۆمەڵگەی کۆلێژەکانی کۆبانێ" بەکاردەهێنرێت کە سەر بە زانکۆی حەلەب دەبێت.
ئەحمەد موراد جەختی لەوە کردەوە، ئەم هەنگاوە نوێیە بە مەبەستی پاراستنی تایبەتمەندی و ناسنامەی ئەکادیمیی هەردوو زانکۆکە گیراوەتەبەر.







