ئەمڕۆ یەکشەممە 8ـی تشرینی دووەمی 2026، ئاژانسی "فرانس پرێس" بڵاویکردەوە: سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ دەنگی چەندین تەقینەوەی بەهێز لە شاری ڕیاز بیستراوە، ئەمەش چەند خولەکێک دوای ئەوە هات کە دەسەڵاتدارانی سعوودیە لە ڕێگەی کورتەنامەی مۆبایلەوە زەنگی ئاگادارکردنەوەیان لە بوونی "هەڕەشەیەکی ئاسمانیی دوژمنکارانە" بۆ دانیشتووانی پایتەخت نارد، بەهۆی بەردەوامیی هێرش و پێکدادانەکانی نێوان شانشینی سعوودیە و چەکدارانی حووسیی سەر بە ئێران لە یەمەن.
لەو پەیامە ئاگادارکردنەوەیەدا کە هاتبوو: "ناوچەکە ڕووبەڕووی هەڕەشەیەکی ئاسمانیی دوژمنکارانە بووەتەوە، تکایە بە هێمنی هەڵسوکەوت بکەن و لە ماڵەکانتان یان لە شوێنێکی پارێزراودا دوور لە پەنجەرە و دەرگاکان بمێننەوە".
هاوکات یەکێک لە دانیشتووانی باکووری پایتەختی سعوودیە لەوبارەیەوە ڕایگەیاند: "بەهۆی توندی و بەهێزیی دەنگی تەقینەوەکانەوە تەواوی ماڵەکەم لەرزینێکی زۆری بەخۆیەوە بینی".







