ئەمڕۆ یەکشەممە 8ـی تشرینی دووەمی 2026، هێزی دەریایی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە: دوو کەشتیی نەوتهەڵگری سەرپێچیکار، کە یەکێکیان لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی گەرووی هورمز و ئەوی دیکەیان لە ناو خودی گەرووەکەدا بووە، تووشی بەرکەوتن بە مینی دەریایی بوون و لە ئێستادا ئاگرێکی بەهێز لە هەردووکیاندا کەوتووەتەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەو دوو کەشتییە چەندین سەرپێچییان ئەنجام داوە، لەوانەش کوژاندنەوەی سیستەمەکانی کەشتیوانی و دیاریکردنی شوێن (جی پی ئێس)، بە مەبەستی تێپەڕین بەو ڕێڕەوانەی لەلایەن ئێرانەوە ڕێگەیان پێنەدراوە، بەڵام سوپای پاسداران ناوی کەشتییەکان و ناسنامەی وڵاتەکەیانی ئاشکرا نەکردووە.
ئەم پێشهاتە لە کاتێکدایە کە لە دوای هەڵگیرسانی جەنگی ئێران لە کۆتایی شوباتی ڕابردووەوە گرژییەکان لە گەرووی هورمز بەردەوامن، بە جۆرێک ئێران سنووردارکردنی توندی بەسەر جووڵەی کەشتیوانیدا سەپاندووە و کەشتییەکانی پابەند کردووە بە بەکارهێنانی ئەو ڕێڕەوانەی دەسەڵاتدارانی ئێران دیارییان دەکەن.
لە بەرامبەردا، ئەمەریکا گەمارۆی بەسەر بەندەرەکانی ئێراندا سەپاندووە و هاوکاری پێشکەش بە کەشتییە نەوتهەڵگرەکان دەکات بۆ تێپەڕین بەو گەرووە ستراتیجییەی کە پێش شەڕ پێنج یەکی 20% نەوتی جیهانی پێدا تێپەڕ دەبوو.







