ئەمڕۆ یەکشەممە 8ـی تشرینی دووەمی 2026، دەستەی باڵای حەج و عومڕەی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە: سامی ئەلمەسعوودی، سەرۆکی دەستەی باڵای حەج و عومڕە لە عێراق، لەگەڵ تۆفیق بن فەوزان ئەلرەبیعە، وەزیری حەج و عومڕەی شانشینی عەرەبستانی سعوودی، ڕێککەوتننامەی ڕێکخستنی کاروباری حاجیانی عێراقیان بۆ وەرزی داهاتووی حەجی ساڵی (1448ـی کۆچی) واژۆ کرد.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی هاوکاریی بەردەوامی نێوان هەردوولایە بە مەبەستی ئاسانکاریکردن لە ڕێکارەکانی گەشتی حاجیانی عێراق و پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاری پێیان، بە شێوەیەک کە لەگەڵ ڕوانگەی هەردوو وڵاتدا بگونجێت بۆ پەرەپێدانی کاری هاوبەش لە خزمەتکردنی زیارەتکاراندا.
سامی ئەلمەسعوودی لە میانی ڕێوڕەسمی واژۆکردنەکەدا دووپاتی کردەوە کە دەستەکەیان پەرۆشە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییە پێشکەشکراوەکان و پاراستنی ئەو پێشەنگییەی کە لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا بەدەستی هێناوە، هەروەها ستایشی هاوکارییەکانی لایەنی سعوودی کرد بۆ نەهێشتنی ئاستەنگەکانی بەردەم حاجیانی عێراق و فراوانکردنی هاوکارییە هونەری و کارگێڕییەکان.
سەرۆکی دەستەی باڵای حەج و عومڕە ڕوونیکردەوە، عێراق تەواوی ئامادەکارییە تایبەتەکانی بۆ وەرزی داهاتوو تەواو کردووە، لەوانەش گرێبەستکردن بۆ خزمەتگوزارییەکانی گواستنەوە، نیشتەجێبوون و خۆراک لە چوارچێوەی ئامادەکاریی پێشوەختەدا، تا گەرەنتیی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی شایستە بۆ حاجیانی عێراق بکرێت.







