زیپکە وەک نەخۆشییەکی هەوکردنی ڕەگی موو و ڕژێنە چەورییەکانی پێست، نزیکەی 85%ـی هەرزەکاران تووشی دەبن و لە هەندێک کەسیشدا تا تەمەنی گەورەیی بەردەوام دەبێت. بەکتریای (Cutibacterium acnes) ڕۆڵێکی سەرەکی لە دروستبوونی ئەم کێشەیەدا دەگێڕێت، بە جۆرێک کاتێک کونیلەکانی پێست بە خانە مردووەکان و چەوری دادەخرێن، ئەم بەکتریایانە دەرفەتی زیادبوونیان بۆ دەڕەخسێت و دەبنە هۆی هەوکردن و سووربوونەوەی پێست.
لەو چوارچێوەیەدا، کۆمپانیای سانۆفی پەرە بە ڤاکسینێکی تاقیکاری دەدات کە پشت بە تەکنەلۆژیای (mRNA) دەبەستێت و ئامانج لێی هاندانی سیستەمی بەرگریی جەستەیە دژی پرۆتینێکی دیاریکراوی ئەو بەکتریایە کە بە (CAMP2) ناسراوە.
ئێستا دوو تاقیکردنەوەی کلینیکی لە قۆناغی یەکەم و دووەمدا بە بەشداریی 1028 کەسی تەمەن 18 تا 45 ساڵ بەڕێوەدەچن، کە تێیاندا سەلامەتیی ڤاکسینەکە، چۆنیەتیی وەڵامدانەوەی سیستەمی بەرگریی جەستە و ئاستی باشبوونی زیپکەکان هەڵدەسەنگێنرێن.
سەرەڕای ئەم پێشکەوتنە زانستییە، پسپۆڕان ئاماژە بەوە دەکەن کە ڤاکسینەکە هێشتا لە قۆناغی توێژینەوە و تاقیکردنەوەدایە و سەرکەوتنی کۆتایی لەسەر مرۆڤ بە تەواوی نەسەلمێنراوە.







