ڕووداوەکە ئەمڕۆ یەکشەممە لە کاتی بەڕێوەچوونی کۆنسێرتی گۆرانیبێژی ڕاپی ئەمەریکی دۆن تۆلیڤەر لە هۆڵی کۆ-ئۆپ لایڤ (Co-op Live) لە شاری مانچستەر لە باکووری ڕۆژئاوای ئینگلتەرا ڕوویدا، نزیکەی 12 هەزار کەس لە هۆڵەکەدا ئامادەی ئاهەنگەکە بوون.
پۆلیسی مانچستەر ڕایگەیاند دوای ئەوەی ژمارەیەک لە ئامادەبووان تووشی نیشانەی نەخۆشی بوون بەهۆی ماددەیەکی نەناسراوەوە، دەستبەجێ تیمەکانی فریاگوزاری بانگێشتکران و هۆڵەکە چۆڵکرا. لەو بارەیەوە ستێف پارکەر، لە پۆلیسی مانچستەری گەورە ئاشکرای کرد: ژمارەیەک لە هاووڵاتییان لە شوێنی ڕووداوەکە چارەسەری سەرەتایییان بۆ کراوە و تاوەکو ئێستاش 1 کەس ڕەوانەی نەخۆشخانە کراوە، هاوکات جەختیشی کردەوە کە پۆلیس لە لێکۆڵینەوەدایە بۆ دیاریکردنی سروشت و جۆری ئەو ماددەیە.
لەلایەکی دیکەوە، خزمەتگوزاریی فریاکەوتنی ناوچەکە ئاماژەی بەوە کرد کە پشکنینی پزیشکی بۆ زیاتر لە 50 کەس لە شوێنی ڕووداوەکە کراوە کە هەندێکیان کێشەی تەندروستییان لە چاو و کۆئەندامی هەناسەدانیاندا بۆ دروست ببوو، هاوکات پڕۆسەی پاککردنەوەی هۆڵەکە لە پاشماوەی ماددەکە دەستی پێکردووە. ئیدارەی هۆڵی کۆ-ئۆپ لایڤـیش کە بە گەورەترین هۆڵی داخراوی بریتانیا دادەنرێت، ڕایگەیاندووە لە نزیکەوە هاوکاری پۆلیس دەکەن بۆ دۆزینەوەی هۆکاری ڕووداوەکە.







