ئەمڕۆ یەکشەممە 29ـی تشرینی دووەمی 2026، ڕۆژنامەی "واشنتن پۆست"ـی ئەمەریکی لە ڕاپۆرتێکدا کە لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاوی کردووەتەوە، پەردەی لەسەر ئەوە لادا کە ئێران خزمەتگوزاریی ئینتەرنێتی مانگی دەستکردی "ستارلینک"ـی بەکار هێناوە بۆ ئاراستەکردنی هێرش دژی هێز و بنکەکانی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
بەپێی سەرچاوەکانی ڕۆژنامە ئەمەریکییەکە، ئیلۆن ماسک لە هەفتەی یەکەمی مانگی ئاداردا تووڕەییەکی زۆر دایگرتووە، کاتێک خۆی و تیمەکەی زانیویانە دوو بەکارهێنانی بێ مۆڵەت بۆ خزمەتگوزاریی ئینتەرنێتی مانگە دەستکردەکانی هەبووە، لەو کاتەشدا ئەمەریکا و ئیسرائیل دەستیان بە بۆردومانی ئێران کردبوو و لە وەڵامیشدا ئێران شەپۆلێکی مووشەکی بالیستی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئاراستەی بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە سەرتاسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردبوو.
ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەش داوە، ئیلۆن ماسک زانیویەتی سوپای ئەمەریکاش فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی "خۆکوژ"ـی ئاراستە کردووە بە بەکارهێنانی وەشانی سەربازیی سیستەمی "ستارلینک" کە بە "ستارشیڵد" ناسراوە، بەڵام سوپای ئەمەریکا پشتی بە پاکێجێکی هەرزانتر بەستووە کە لە بنەڕەتدا تەنیا بۆ ئۆپەراسیۆنە وشکانییەکان تەرخان کراوە.
سەرچاوە ئاگادارەکان جەختیان لەوە کردووەتەوە، بەکارهێنانی "ستارلینک" لەلایەن ئێرانەوە بۆ پاڵپشتیکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی، هەروەها تووڕەیی ئیلۆن ماسک بەرامبەر ئەو قۆستنەوەیە و بێهیوایی لە بەکارهێنانی وەشانی وشکانیی "ستارشیڵد" لەلایەن سوپای ئەمەریکاوە لە ئۆپەراسیۆنی درۆنەکاندا، پێشتر ئاشکرا نەکرابوون.
هەواڵەکانی پەیوەست بە ئێران تووڕەیی ئێران ماسکی زیاتر کردووە، چونکە کەمتر لە دوو مانگ پێش ئەوە هەنگاوی نابوو بۆ ڕێگریکردن لە نەیارێکی دیکەی ئەمەریکا تاوەکو "ستارلینک" لە هەڵگیرساندنی جەنگدا بەکار نەهێنێت، تا کۆتایی ئەو هەفتەیەش لانیکەم دوو بەرپرسی جێبەجێکاری کۆمپانیاکە لەسەر پاشخانی ڕووداوەکانی خراپ بەکارهێنانی خزمەتگوزارییەکە لە کارەکانیان دوورخرانەوە.
بەپێی "واشنتن پۆست"، ئەم زانیارییانە تیشک دەخەنە سەر چۆنیەتیی گۆڕانی تۆڕە جیهانییەکەی ئیلۆن ماسک بۆ ئامێرەکانی پەیوەندیی ئاسمانیی گەڕۆک بۆ ئامرازێکی زۆر گرنگ لە جەنگە مۆدێرنەکاندا، لە کاتێکدا حکوومەتی ئەمەریکا گەیشتنی هاوپەیمانەکانی بە هەردوو سیستەمی "ستارلینک" و "ستارشیڵد" ئاسان کردووە، بەڵام نەیارانی ئەمەریکاش ڕێگەیان دۆزیوەتەوە بۆ بڵاوکردنەوەی "ستارلینک" بە شێوازێک کە ماسک ناتوانێت کۆنترۆڵی بکات، سەرەڕای ئەوەی لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا چەندین ڕێکاری گرتووەتەبەر بۆ سنووردارکردنی بەکارهێنانی بێ مۆڵەتی خزمەتگوزارییەکە کە لە زیاتر لە 160 وڵاتدا لە ڕێگەی سەدان فرۆشیاری باوەڕپێکراوەوە بەردەستە.







