ئەمڕۆ یەکشەممە 29ـی تشرینی دووەمی 2026، ئاژانسی هەواڵی فەرمیی ئێران (ئیرنا) لە زاری نووسینگەی پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای وڵاتەکەوە بڵاویکردەوە، کە درۆنێکی ئەمەریکی بەلەمێکی ماسیگریی ئێرانی لە بەرامبەر کەناراوەکانی سیریک لە گەرووی هورمز پێکاوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی سوپای ئێران، ڕووداوەکە کاتژمێر 3:30ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە ڕوویداوە و بەلەمە ماسیگرییەکە سێ سەرنشینی تێدا بووە.
ئاژانسەکە ڕوونیکردووەتەوە کە دوو لە سەرنشینەکان دۆزراونەتەوە و گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی سیریک بۆ وەرگرتنی چارەسەر، لە کاتێکدا ئۆپەراسیۆنەکانی گەڕان بەردەوامن بۆ دۆزینەوەی سەرنشینی سێیەم کە خاوەنی بەلەمەکەیە.
ئەم پێشهاتە لە کاتێکدایە کە ئەمەریکا گەمارۆیەکی دەریایی بەسەر بەندەرەکانی ئێراندا سەپاندووە وەک وەڵامێک بۆ سنووردارکردنی جووڵەی کەشتیوانی لە گەرووی ستراتیژیی هورمز، کە ڕێڕەوێکی سەرەکییە بۆ دابینکردنی وزەی جیهانی، ئەمەش لەو کاتەوەی جەنگ لەگەڵ یەکەمین هێرشەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران لە 28ـی شوباتی ڕابردوودا هەڵگیرسا.







