بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 29ـی تشرینی دووەمی 2026، سعوودیە ئاشکرایکرد، سیستمی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکە توانیویەتی سێ مووشەکی بالیستیی حووسییەکان لە ئاسمانەوە تێکبشکێنێت، کە یەکێکیان ئاراستەی ڕیازی پایتەخت و دووەکەی دیکەشیان ئاراستەی ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی سعوودیە کرابوون.
وێڕای خستنەخوارەوەی ئەو سێ مووشەکە بالیستییە، سعوودیە دووپاتی کردەوە کە لە ڕێگەی فڕۆکە جەنگییەکانییەوە سەکۆیەکی هەڵدانی مووشەکی بالیستیی لە پارێزگای سەعدەی یەمەن وێران کردووە، کە لەوێوە مووشەک ئاراستەی ناوچەی جازانی سعوودیە دەکرا، هاوکات شانشینی عەرەبیی سعوودیە بەڵێنی دا کە بە توندی وەڵامی هەر هێرشێک دەداتەوە کە خەڵکی مەدەنی و شوێنی نیشتەجێبوونی هاووڵاتییانی مەدەنی بکاتە ئامانج.
لە بەرامبەردا، حووسییەکانی یەمەن لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرایانکرد، لە ماوەی 48 کاتژمێری ڕابردوودا پێنج هێرشیان بۆ سەر فڕۆکەخانەی ڕیاز و چەند دامەزراوەیەکی نەوت، گاز و کارەبای سعوودیە ئەنجام داوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی حووسییەکان، لەو هێرشانەدا هەریەکە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی خالید لە ڕیازی پایتەخت، دوو ڕادار لە ناوچەکانی ئەبها و خەمیس مشێت، پاڵاوگەی جیزان، کارگەی گازی حەویە لە باشووری ئەحسا و هەردوو وێستگەی کارەبای شەقیق و جیزان کراونەتە ئامانج.







