قالیباف لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا لە تێلیگرام گوتی: پێویستە حکوومەت پەلە بکات و لە کاتی پەسەندکردنی یاسای چاکسازیی هەواڵگری لە لایەن ئەنجومەنی پاراستنی دەستوورەوە، دەستبەجێ وەزیرێکی نوێ و هەمیشەیی بۆ وەزارەتی هەواڵگری دابنێت، لە کاتێکدا پۆستی وەزیر لە 18ـی ئادارەوە دوای کوژرانی ئیسماعیل خەتیب لە هێرشێکی ئیسرائیلدا، تاوەکو ئێستا بە بەتاڵی ماوەتەوە.
پێویستیی ئەم چاکسازییە دوای چەندین ئۆپەراسیۆنی دزەکردنی هەواڵگریی ئیسرائیل بۆ ناوخۆی ئێران دێت، لەوانەش کوژرانی زانای ئەتۆمی موحسین فەخریزادە لە ساڵی 2020، تیرۆرکردنی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس لە تاران لە ساڵی 2024، و هەروەها لە میانی جەنگی 12 ڕۆژەی مانگی حوزەیرانی 2025دا، کاتێک سیخوڕەکانی ئیسرائیل لە ناوخۆی ئێرانەوە هاوکار بوون لە بە ئامانجگرتنی سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی، سەکۆکانی مووشەک و فەرماندە باڵاکان.
پەرلەمانتارانی ئێران ئەمڕۆ یەکشەممە دەنگیان لەسەر بڕگە گشتییەکانی پڕۆژەیاسای دووبارە داڕشتنەوەی پێکهاتەی وەزارەتی هەواڵگری دا. میدیا فەرمییەکانی ئێران ئاماژەیان بەوە کردووە، بەپێی پێوەرە نوێیەکان مەرجی پیاوانی ئایینی بۆ پۆستی وەزیری هەواڵگری فراوان دەکرێت و کەسانی پسپۆڕی مەدەنی کە هەڵگری بڕوانامەی ماستەر بن و لانیکەم 10 ساڵ ئەزموونی بەڕێوەبردنیان لە کایەی هەواڵگریدا هەبێت، دەتوانن بۆ پۆستەکە بەربژێر بکرێن.







