ئاژانسی هەواڵی "هەرانا"ی تایبەت بە مافی مرۆڤ لە ئێران (کە بارەگاکەی لە ئەمەریکایە) لەگەڵ ڕێکخراوی "مافی مرۆڤ لە ئێران" (لە نەرویج) بڵاویانکردەوە، تەندروستیی ترانە بەهۆی ڕووداوەکەی ڕۆژی شەممەوە زۆر ناجێگیر بووە. ڕێکخراوی مافی مرۆڤ لە ئێران ئاماژەی بەوە کرد، ترانە کە پێشتر نەشتەرگەریی بۆ ئەژنۆی کرابوو، لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەی بێزارکردن و سووکایەتیپێکردن لە لایەن پاسەوانێکی زیندانەکەوە، هاوسەنگیی لەدەستداوە و لەسەر پلیکانەکان کەوتووەتە خوارەوە.
لە لایەکی دیکەوە، مەسعود نوور محەمەدی، ئامۆزای ترانە لە ئەمەریکا، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی فرانس پرێس گوتی: "ترانە گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە و گومان دەکرێت پاسەوانەکان ئەویان لەسەر پلیکانەکانەوە فڕێدابێتە خوارەوە."
ترانە ڕەحیمی (21 ساڵ) سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنراوە و ڕۆمینای خوشکە دووانەکەشی سزای 36 ساڵ زیندانیکردنی بۆ دەرچووە، ئەوەش بەهۆی بەشداریکردنیان لە ناڕەزایەتییەکان؛ هاوکات ئەمساڵ هەردوو خوشکەکە لە نێو سێ کاندیدی کۆتایی بوون بۆ وەرگرتنی خەڵاتی "ساخارۆڤ" بۆ ئازادیی بیروڕا لە لایەن پەرلەمانی ئەورووپاوە.







