وتەبێژی بانکی ناوەندی عێراق ڕایگەیاند، بەهۆی هەوڵە دیپلۆماسییەکانی سەرۆکوەزیر، بانکی ناوەندی ئەمریکا ڕازی بووە بەردەوام شلەیی دابین بکات و بەم زووانە بارێکی نوێی دۆلاری کاش بە نرخێکی یەک ملیار دۆلار بۆ بەهێزکردنی بەهای دینار دەگاتە عێراق.
ڕۆژی یەکشەممە، ۲۵ ئۆکتۆبەر ۲۰۲۶، مەحمود داغەر، ڕاوێژکاری سەرۆک و وتەبێژی بانکی ناوەندی عێراق، ڕایگەیاند: هەوڵ و کردارە دیپلۆماسییەکانی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیر، بۆ بەدەستهێنانی ڕەزامەندی بانکی ناوەندی ئەمریکا بۆ دابینکردنی بەردەوامی شلەیی دراوی بیانی (کاش) سەرکەوتوو بووە و بڕیارە بەم زووانە بارێکی نوێی دۆلاری کاش بە نرخێکی یەک ملیار دۆلار بگاتە عێراق.
مەحمود داغەر ئاشکرای کرد کە بەهای هەر بارێکی نوێ نزیکەی ۵۰۰ ملیۆن دۆلارە، لە هەمان کاتدا بەردەوامی هاتنی ئەم دراوە بیانییە ڕۆڵێکی بەرچاوی لە کۆنترۆڵکردنی بازاڕی دراو و لابردنی ناتەباییەکەدا دەبینێت.
بەپێی قسەکانی شارەزاکانی بانکی ناوەندی عێراق، جێبەجێکردنی ئەم پلانە لە زیادکردنی شلەیی، دەبێتە هۆی بەهێزبوونی ڕاستەوخۆی بەهای دیناری عێراق بەرامبەر دراوە بیانییەکان و دروستکردنی جێگیری لە هەموو بازاڕە ناوخۆییەکانی دراوگۆڕین.







