10 ڕۆژ پێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی کۆنگرێس، باراک ئۆباما هەڵمەتێکی بەرفراوانی بۆ پاڵپشتیی دیموکراتەکان دەستپێکرد و ڕەخنەی توندی لە سیاسەت، گەندەڵی و ستراتیجیی دۆناڵد ترەمپ بەرامبەر بە ئێران گرت.
پێش 10 ڕۆژ لە بەڕێوەچوونی ئەو هەڵبژاردنەی چارەنووسی کۆنترۆڵکردنی کۆنگرێس یەکلا دەکاتەوە، باراک ئۆباما سەرۆکی پێشووتری ئەمەریکا لە هەڵمەتێکی هەڵبژاردندا لە هەردوو شاری کلیڤلاند و دیترۆیت هێرشی توندی کردە سەر ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئێستای ئەمەریکا ئەمەش دوای ئەوە هات کە ترەمپ داوای لە دەنگدەران کردبوو وەک ئەوە سەیری هەڵبژاردنەکان بکەن کە خۆی کاندید بێت، لە بەرامبەردا ئۆباماش بۆ هاندانی لایەنگرانی دیموکراتەکان هەمان هەنگاوی نا.
ئۆباما لە میانی هەڵمەتی هەڵبژاردندا لە ویلایەتی میشیگان بۆ پاڵپشتی لە (عەبدولسەید) کاندیدی دیموکراتەکان بۆ ئەنجومەنی پیران کە کێبڕکێ لەگەڵ (مایک ڕۆجەرز) کاندیدی کۆمارییەکان دەکات، هەڵبژاردنەکەی 3ـی تشرینی دووەمی بە "پچڕێنەری کارەبا" وەسف کرد بۆ ڕاگرتنی هەڵەکانی سەرۆکایەتیی ترەمپ و گوتی: "دەبێت ئەم پچڕێنەرە کار پێبکەین تاوەکو لێپرسینەوە لەم حکوومەتە بکەین".
لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا، سەرۆکی پێشووتری ئەمەریکا گاڵتەی بە بانگەشەکانی سەرکەوتنی ئیدارەی ترەمپ بەسەر ئێراندا کرد و دووپاتی کردەوە: "هەڕەشەکانی ئێران بۆ لێدانی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز، نیگەرانیی گەورەی لای هەناردەکارانی نەوت دروست کردووە".
هەروەها ئۆباما ئیدارەی ترەمپی تۆمەتبار کرد بەوەی سەرنجی خستووەتە سەر بابەتە بێبایاخەکان و بە تەنزەوە باسی لە پیت هێگسێت، وەزیری بەرگری کرد کە تەنیا گرنگی بە شێوەی شەویلاگ و ئاستی هۆرمۆنی تێستۆستیرۆنی سەربازەکان دەدات، هاوکات ڕەخنەی لە خەرجییە زۆرەکانی نۆژەنکردنەوەی کۆشکی سپی گرت و بە شتێکی بێزارکەر ناوی برد و گوتی: "کۆشکی سپیی وای لێکراوە کە وەک لقی چێشتخانەی (چیزکەیک فاکتۆری) دەربکەوێت".







