میدیاکانی ئیتاڵیا بڵاویان کردەوە، پۆلیسی ئەو وڵاتە 371 کەسی لە خۆپیشاندانەکانی دژ بە هەڵاوسان و گرانبوونی نرخی سووتەمەنی دەستگیر کردووە، کە 110 کەسیان مێرمنداڵ و 69 کەسیشیان بیانی بوون.
میدیاکانی ئیتاڵیا ڕایانگەیاند، پۆلیس لە میانی خۆپیشاندانەکانی شارە جیاوازەکانی ئەو وڵاتەدا زیاتر لە (370) کەسی دەستگیر کردووە.
بەپێی ئەو ئامارانەی ئاژانسی دەنگوباسی "ئانسا"ـی ئیتاڵی بڵاوی کردووەتەوە، پۆلیس (371) کەسی دەستبەسەر کردووە، لەو ژمارەیە (110) کەسیان مێرمنداڵ و لە خوار تەمەنی یاسایی بوون، هاوکات (69) کەسیشیان هاووڵاتیی بیانی بوون.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، ئەم خۆپیشاندانە ناڕەزایەتییانە ڕۆژی شەممە لە شارەکانی (ڕۆما، تۆرینۆ، میلانۆ، فلۆرێنس، بۆلۆنیا) و چەندین شاری دیکە بەڕێوە چوون، هەروەها لە بەشێک لەو شارانەدا پێکدادان و گرژی لە نێوان هێزەکانی پۆلیس و خۆپیشاندەران دروست بووە.
ئاماژە بەوەش دراوە، ناڕەزایەتیی هاووڵاتییانی ئیتاڵیا و ڕژانیان بۆ سەر شەقامەکان، دژ بە سیاسەتە ئابوورییەکانی حکوومەت، بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی سووتەمەنی و تەشەنەسەندنی ڕێژەی هەڵاوسان لە وڵاتەکەدایە.







