سەرۆکی ئەمەریکا لە وتارێکی هەڵبژاردندا لە ویلایەتی فلۆریدا، ئەگەری ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی دیکەی سەربازیی وەک قۆناغێکی نوێی "تووڕەیی داستانی" دژ بە ئێران خستەڕوو، هاوکات ئاماژەی بەوە کرد لە ڕێگەی گەڕانەوەیاندا کار لەسەر پرسی کووباش دەکەن.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە میانی وتارێکدا لە گردبوونەوەیەکی هەڵبژاردندا لە ویلایەتی فلۆریدا، لە بارەی شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕایگەیاند: ئەمەریکا لەوانەیە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی دیکە دژ بە ئێران جێبەجێ بکات، هاوکات ئاماژەی بە ئەگەری دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێ و سنوورداری ئۆپەراسیۆنی "تووڕەیی داستان" کرد، یاخود گەیشتن بە ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئێران.
سەرۆکی ئەمەریکا بێ خستنەڕووی وردەکاریی زیاتر گوتیشی: "ئەمەریکا لە کاتی گەڕانەوەیدا لە ئێران، ئاوڕێک لە پرسی کووباش دەداتەوە و کارەکانی جێبەجێ دەکات".
پێشتریش دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاندبوو کە ئەمەریکا دەتوانێت زۆر بە خێرایی کۆتایی بە شەڕەکە بهێنێت، بەڵام پرسیاری ئەوەی خستبووە ڕوو کە ئایا واشنتۆن پێویستە هەوڵی کۆتاییهێنانی خێرا بدات، یاخود لێی بگەڕێت تا شەڕەکە بە شێوەیەکی پلەبەپلە و هێواش بەرەو کەمبوونەوە بچێت.
شایەنی باسە، سەرۆکی ئەمەریکا کە بەردەوام ئامانج و خشتەی کاتیی جیاواز بۆ ئەم ململانێیە دەخاتەڕوو، لەم دواییانەدا لە میانی هەڵمەتی هەڵبژاردندا ڕایگەیاندبوو کە جەنگ لەگەڵ ئێران بەم زووانە "بە شێوازێک لە شێوازەکان" کۆتایی پێ دێت.







