سەرۆکی ئەمریکا لە وتارێکی هەڵبژاردنی لە ویلایەتی فلۆریدا، ئەگەری ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی تری وەک قۆناغێکی نوێ لە «تووڕەیی ئەفسانەیی» (Epic Fury) دژی ئێران خستەڕوو و لە هەمان کاتدا ئاماژەی کرد کە لە ڕێگای گەڕانەوەیاندا، لەسەر بابەتی کوبایش کار دەکەن.
دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە کاتی وتارێک لە کۆبوونەوەیەکی هەڵبژاردنی لە ویلایەتی فلۆریدا، دەربارەی جەنگ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕایگەیاند: «ئەمریکا لەوانەیە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی تری دژی ئێران جێبەجێ بکات.» ئەو لە هەمان کاتدا ئاماژەی بە ئەگەری دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێ و سنووردار لە ئۆپەراسیۆنی «تووڕەیی ئەفسانەیی» یان گەیشتن بە ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئێران کرد.
سەرۆکی ئەمریکا بەبێ پێشکەشکردنی وردەکاریی زیاتر، گوتی: «ئەمریکا لە کاتی گەڕانەوەی لە ئێران، سەیری بابەتی کوبایش دەکات و کارەکانی ئەنجام دەدات.»
پێشتر دۆناڵد ترامپ ڕایگەیاندبوو کە ئەمریکا دەتوانێت زۆر بەخێرایی کۆتایی بەو جەنگە بهێنێت، بەڵام ئەم پرسیارەی خستبووەڕوو کە ئایا واشنگتن دەبێت بۆ کۆتاییهێنانی خێرا هەوڵ بدات، یان ڕێگە بدات جەنگەکە بە شێوەیەکی هێواش و ئارام بەرەو کەمبوونەوە بچێت.
شایانی باسە سەرۆکی ئەمریکا، کە هەمیشە ئامانج و خشتەکاتی جیاوازی بۆ ئەم ململانێیە دەخاتەڕوو، لە دواییدا لە کاتی کەمپینی هەڵبژاردندا ڕایگەیاندبوو کە جەنگ لەگەڵ ئێران بە زوویی «بە شێوەیەک لە شێوەکان» کۆتایی پێ دێت.







