کاخی کرێملین ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕایگەیاند کە بەردەوامبوونی هێرشەکانی ئۆکرانیا بۆ سەر پالاوگەکانی نەوتی ڕووسیا، هەوڵەکانی دوناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، بۆ گەیشتن بە ئاشتی پووچەڵ دەکاتەوە.
دیمیتری پێسکۆڤ، وتەبێژی کرێملین، لە وتەیەکدا گوتی: «کییڤ بەردەوامە لە ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر ئەم دامەزراوانە، و ئەمە واتای جیاوازییەکی گەورەیە لەگەڵ ئەو هەوڵانەی کە ئەمریکا و دانوسێنەرە ئەمریکییەکان بۆ دەستپێکردنی پرۆسەی ئاشتی دەیدەن.»
ئەم وتانەی کرێملین لە کاتێکدا دەگوترێن کە واشنگتن پێشنیاری ئاگربەستی لە بەشی وزەدا پێشکەش کردووە، بەڵام مۆسکۆ هێشتا بە فەرمی ڕازیبوونی خۆی بەو پێشنیارە ڕانەگەیاندووە؛ سەرەڕای ئەوەی کرێملین هێرشەکانی ئۆکرانیا وەک بەربەستێک لەبەردەم ئەم دەستپێشخەرییە دەبینێت.







